|
| 1 |
|
| یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتیفەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە هێنابوویان بۆ میسر. |
|
| 2 |
|
| یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، بۆیە بووە پیاوێکی سەرکەوتوو. ئەو لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا دەژیا. |
|
| 3 |
|
| کاتێک گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات، |
|
| 4 |
|
| یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتیفەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. |
|
| 5 |
|
| ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتیفەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. |
|
| 6 |
|
| ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد. یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. |
|
| 7 |
|
| دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە سەرجێییم لەگەڵ بکە.» |
|
| 8 |
|
| بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم ئاگای لە هیچ شتێکی ماڵەکەی نییە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. |
|
| 9 |
|
| کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» |
|
| 10 |
|
| هەرچەندە ڕۆژانە ئەم داوایەی لە یوسف دەکرد، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە لەگەڵی سەرجێیی بکات یان لەگەڵی بێت. |
|
| 11 |
|
| ڕۆژێکیان یوسف بۆ ئەنجامدانی کارەکانی هاتە ناو ماڵەکە، لەکاتێکدا هیچ کام لە خزمەتکاران لە ماڵ نەبوون. |
|
| 12 |
|
| ژنەکە کەواکەی یوسفی گرت و گوتی: «سەرجێییم لەگەڵ بکە!» بەڵام یوسف کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە. |
|
| 13 |
|
| کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، |
|
| 14 |
|
| بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. |
|
| 15 |
|
| ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.» |
|
| 16 |
|
| کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. |
|
| 17 |
|
| ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەویش گێڕایەوە و پێی گوت: «ئەو خزمەتکارە عیبرانییەی کە تۆ بۆت هێناین، بۆم هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی دەستبازیم لەگەڵ بکات. |
|
| 18 |
|
| بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.» |
|
| 19 |
|
| کاتێک گەورەکەی ئەو قسەیەی لە ژنەکەی خۆی بیست کە پێی گوت: «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. |
|
| 20 |
|
| ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە. |
|
| 21 |
|
| بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. |
|
| 22 |
|
| ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەموو کارەکانی ئەوێ. |
|
| 23 |
|
| کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و هەموو کارەکانیشی سەردەخست. |
|
|
|
|