|
| 1 |
|
| ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن. |
|
| 2 |
|
| با ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش؛ ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە. |
|
| 3 |
|
| هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان. هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ. |
|
| 4 |
|
| «بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا خوێنەکەی گەرمە. |
|
| 5 |
|
| بێگومان داوای خوێنی ئەو کەسە دەکەم کە خوێنی کەسێکی دیکەی ڕشتووە. ئەگەر گیاندارێک کەسێک بکوژێت، دەبێت بکوژرێتەوە. هەروەها ئەگەر کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا ئەویش دەکوژرێتەوە. |
|
| 6 |
|
| «هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت، بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە، چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی مرۆڤی دروستکردووە. |
|
| 7 |
|
| ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.» |
|
| 8 |
|
| خودا بە نوح و کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: |
|
| 9 |
|
| «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، |
|
| 10 |
|
| لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. |
|
| 11 |
|
| من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم: هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.» |
|
| 12 |
|
| ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. |
|
| 13 |
|
| وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. |
|
| 14 |
|
| ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، |
|
| 15 |
|
| من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. |
|
| 16 |
|
| هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا بێت، دەیبینم و پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکەوە، کە لەنێوان خودا و هەموو جۆرە گیانێکی زیندووی سەر زەوییە.» |
|
| 17 |
|
| ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێکی لەسەر زەویدا بەستوومە.» |
|
| 18 |
|
| جا کوڕانی نوح کە سام و حام و یافەت بوون، لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە. حام باوکی کەنعان بوو. |
|
| 19 |
|
| ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون کە لەمانەوە خەڵکی لە سەرتاسەری زەویدا بڵاو بوونەوە. |
|
| 20 |
|
| نوح دەستی بە ئیشی جوتیاری کرد و ڕەزە مێوێکی چاند. |
|
| 21 |
|
| ئینجا کە لە شەرابی مێوەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا. |
|
| 22 |
|
| حامی باوکی کەنعان، باوکی بە ڕووتی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند. |
|
| 23 |
|
| بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی. |
|
| 24 |
|
| کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە. |
|
| 25 |
|
| ئینجا گوتی: «نەفرەت لێکراو بێت کەنعان! دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان، بۆ براکانی.» |
|
| 26 |
|
| هەروەها گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام! با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام. |
|
| 27 |
|
| با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و لە چادرەکانی سام جێنشین بێت. با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.» |
|
| 28 |
|
| دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا. |
|
| 29 |
|
| هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد. |
|
|
|
|