|
| 1 |
|
| داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. |
|
| 2 |
|
| گوتی: «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، |
|
| 3 |
|
| خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە، لە ستەم ڕزگارم دەکات. |
|
| 4 |
|
| «لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، |
|
| 5 |
|
| چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، |
|
| 6 |
|
| پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. |
|
| 7 |
|
| «لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، گوێی لە هاوارم بوو. |
|
| 8 |
|
| ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین. |
|
| 9 |
|
| دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو. |
|
| 10 |
|
| ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو. |
|
| 11 |
|
| سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە. |
|
| 12 |
|
| تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان. |
|
| 13 |
|
| لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان. |
|
| 14 |
|
| یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە. |
|
| 15 |
|
| تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن. |
|
| 16 |
|
| بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی یەزدان، لە گەرمی هەناسەی لووتی. |
|
| 17 |
|
| «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام. |
|
| 18 |
|
| لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون. |
|
| 19 |
|
| لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو. |
|
| 20 |
|
| منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم. |
|
| 21 |
|
| «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم، |
|
| 22 |
|
| چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم. |
|
| 23 |
|
| هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە. |
|
| 24 |
|
| لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە. |
|
| 25 |
|
| یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی. |
|
| 26 |
|
| «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، |
|
| 27 |
|
| لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. |
|
| 28 |
|
| تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت. |
|
| 29 |
|
| ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت، یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. |
|
| 30 |
|
| بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. |
|
| 31 |
|
| «ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. |
|
| 32 |
|
| لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ |
|
| 33 |
|
| خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە. |
|
| 34 |
|
| پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت. |
|
| 35 |
|
| مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە. |
|
| 36 |
|
| تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، هاوکاریت گەورەم دەکات. |
|
| 37 |
|
| جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت. |
|
| 38 |
|
| «دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە. |
|
| 39 |
|
| لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن. |
|
| 40 |
|
| کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن. |
|
| 41 |
|
| دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد. |
|
| 42 |
|
| هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو. |
|
| 43 |
|
| وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن. |
|
| 44 |
|
| «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم، تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە. گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن، |
|
| 45 |
|
| بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن، هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن. |
|
| 46 |
|
| بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە. |
|
| 47 |
|
| «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە! |
|
| 48 |
|
| خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان ملکەچی من دەکات، |
|
| 49 |
|
| لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم. |
|
| 50 |
|
| لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم. |
|
| 51 |
|
| «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.» |
|
|
|
|