|
| 1 |
|
| ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم خودا سەرخست. |
|
| 2 |
|
| پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. |
|
| 3 |
|
| بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد. |
|
| 4 |
|
| چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا: |
|
| 5 |
|
| ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا، |
|
| 6 |
|
| بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا. |
|
| 7 |
|
| ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە: |
|
| 8 |
|
| ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن. |
|
| 9 |
|
| گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن، |
|
| 10 |
|
| شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن. |
|
| 11 |
|
| پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن. |
|
| 12 |
|
| باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی. |
|
| 13 |
|
| ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی. |
|
| 14 |
|
| ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە. |
|
| 15 |
|
| بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە، |
|
| 16 |
|
| ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد، |
|
| 17 |
|
| وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل. |
|
| 18 |
|
| فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.» |
|
| 19 |
|
| ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە، |
|
| 20 |
|
| لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە. |
|
| 21 |
|
| لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد: |
|
| 22 |
|
| «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.» |
|
| 23 |
|
| ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن. |
|
| 24 |
|
| لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. |
|
| 25 |
|
| یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە، |
|
| 26 |
|
| چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە. |
|
| 27 |
|
| شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان. |
|
| 28 |
|
| ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن. |
|
| 29 |
|
| ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە. |
|
| 30 |
|
| ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن، جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت. |
|
| 31 |
|
| با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!» |
|
| 32 |
|
| با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. |
|
| 33 |
|
| ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات. |
|
| 34 |
|
| ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. |
|
| 35 |
|
| بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.» |
|
| 36 |
|
| ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.» |
|
| 37 |
|
| داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت تاکو بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا. |
|
| 38 |
|
| هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون. |
|
| 39 |
|
| داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن، |
|
| 40 |
|
| بۆ ئەوەی بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد. |
|
| 41 |
|
| لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات تاکو سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» |
|
| 42 |
|
| لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون. |
|
| 43 |
|
| پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات. |
|
|
|
|