|
| 1 |
|
| «چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە، گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم. |
|
| 2 |
|
| وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛ من لە ئێوە کەمتر نیم. |
|
| 3 |
|
| بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم، دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم. |
|
| 4 |
|
| بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن، هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن. |
|
| 5 |
|
| خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون! ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی. |
|
| 6 |
|
| ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن. |
|
| 7 |
|
| ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟ ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟ |
|
| 8 |
|
| ئایا لایەنگری دەکەن، یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟ |
|
| 9 |
|
| ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟ |
|
| 10 |
|
| بێگومان سەرزەنشتتان دەکات ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن. |
|
| 11 |
|
| ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟ |
|
| 12 |
|
| یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ. |
|
| 13 |
|
| «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و ئەوەی بەسەرم دێت با بێت! |
|
| 14 |
|
| بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم، ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟ |
|
| 15 |
|
| ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم. |
|
| 16 |
|
| هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە، کە خوانەناس نایەتە بەردەمی. |
|
| 17 |
|
| بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت. |
|
| 18 |
|
| ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو، دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم. |
|
| 19 |
|
| کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات، تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟ |
|
| 20 |
|
| «ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە، ئیتر لەبەردەمت ون نابم. |
|
| 21 |
|
| دەستت لێم دووربخەوە و با سامی تۆ نەمترسێنێت. |
|
| 22 |
|
| ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە، یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە. |
|
| 23 |
|
| چەند تاوان و گوناهم هەیە؟ یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە. |
|
| 24 |
|
| بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟ |
|
| 25 |
|
| ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟ ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟ |
|
| 26 |
|
| تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت. |
|
| 27 |
|
| جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و شوێن پێیەکانم دەپشکنیت. |
|
| 28 |
|
| «وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم، وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت. |
|
|
|
|