|
| 1 |
|
| ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: |
|
| 2 |
|
| «هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و بە قسە وردم دەکەن؟ |
|
| 3 |
|
| ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن، بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم. |
|
| 4 |
|
| گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم، گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە. |
|
| 5 |
|
| ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن، |
|
| 6 |
|
| ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا. |
|
| 7 |
|
| «هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە، هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە. |
|
| 8 |
|
| ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە، تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم. |
|
| 9 |
|
| شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و تاجەکەی سەرمی لێکردەوە. |
|
| 10 |
|
| لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و هیوای منی وەک دار هەڵکەند. |
|
| 11 |
|
| تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و بە دوژمنی خۆی دانام. |
|
| 12 |
|
| پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و سەنگەریان لە دژی من لێدا و لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند. |
|
| 13 |
|
| «کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە. |
|
| 14 |
|
| خزمەکانم وازیان لێ هێنام و ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم. |
|
| 15 |
|
| میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام، وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن. |
|
| 16 |
|
| بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە. |
|
| 17 |
|
| بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم. |
|
| 18 |
|
| تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم، کە هەستم، باسی من دەکەن. |
|
| 19 |
|
| هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە. |
|
| 20 |
|
| ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم. |
|
| 21 |
|
| «بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان، چونکە دەستی خودا لێی داوم. |
|
| 22 |
|
| بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟ لە گۆشتم تێر نابن؟ |
|
| 23 |
|
| «خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە، خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا، |
|
| 24 |
|
| خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران. |
|
| 25 |
|
| بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە. |
|
| 26 |
|
| پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم. |
|
| 27 |
|
| ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم! |
|
| 28 |
|
| «ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین، چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“ |
|
| 29 |
|
| لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر، چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت، ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.» |
|
|
|
|