|
| 1 |
|
| دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە. |
|
| 2 |
|
| ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی: |
|
| 3 |
|
| «با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم، ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“ |
|
| 4 |
|
| با ئەو ڕۆژە تاریک بێت، نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت. |
|
| 5 |
|
| با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت، با هەور دایبگرێت، با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت. |
|
| 6 |
|
| ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت، لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان. |
|
| 7 |
|
| با ئەو شەوە نەزۆک بێت، هاواری خۆشی تێدا نەبێت. |
|
| 8 |
|
| بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن، ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن. |
|
| 9 |
|
| با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن، چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت، با گزنگی بەیان نەبینێت، |
|
| 10 |
|
| چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە. |
|
| 11 |
|
| «بۆ لە بار دایکم نەچووم، کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟ |
|
| 12 |
|
| بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم، بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم؟ |
|
| 13 |
|
| چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم، ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم، |
|
| 14 |
|
| لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی، ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە، |
|
| 15 |
|
| یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە، ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە، |
|
| 16 |
|
| یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم، وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە. |
|
| 17 |
|
| لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن لەوێ ماندووان پشوو دەدەن، |
|
| 18 |
|
| دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن، گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت، |
|
| 19 |
|
| لەوێ بچووک وەک گەورە وایە، کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی. |
|
| 20 |
|
| «بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە، |
|
| 21 |
|
| ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە، لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن، |
|
| 22 |
|
| هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن، دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟ |
|
| 23 |
|
| بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک کە ڕێگای شاردراوەتەوە، خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟ |
|
| 24 |
|
| لەبەر ئەوەی ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم، هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت. |
|
| 25 |
|
| ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام، ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات. |
|
| 26 |
|
| ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم، پشووم نەدا و ئاژاوە هات.» |
|
|
|
|