|
| 1 |
|
| «بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە! گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم. |
|
| 2 |
|
| ئەوەتا من دەمم کردەوە؛ قسەکانم لەسەر زمانی منن. |
|
| 3 |
|
| قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛ زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم. |
|
| 4 |
|
| ڕۆحی خودا دروستی کردم، هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم. |
|
| 5 |
|
| ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم. |
|
| 6 |
|
| لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم، لە قوڕ دروستکراوم. |
|
| 7 |
|
| ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و زۆرکردنم لێت بارت گران بکات. |
|
| 8 |
|
| «تۆ لەبەردەمم گوتت، من بە وردی گوێم لێت بوو، |
|
| 9 |
|
| گوتت: ”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون، بێگەردم و تاوانم نییە. |
|
| 10 |
|
| لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و بە دوژمنی خۆی دامدەنێت. |
|
| 11 |
|
| پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛ چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“ |
|
| 12 |
|
| «بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت، چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە. |
|
| 13 |
|
| بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت: ”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“ |
|
| 14 |
|
| بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت، کەس ڕامانی ئەوە ناکات. |
|
| 15 |
|
| لە خەون، لە بینینی شەودا، کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا، |
|
| 16 |
|
| ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت، |
|
| 17 |
|
| تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت، |
|
| 18 |
|
| هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات، ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر. |
|
| 19 |
|
| «یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە، |
|
| 20 |
|
| ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و نەوسیشی لە خواردنی خۆش. |
|
| 21 |
|
| گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت، ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن. |
|
| 22 |
|
| گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە، ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ. |
|
| 23 |
|
| لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت، پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت، |
|
| 24 |
|
| لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت: ”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛ کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە. |
|
| 25 |
|
| با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛ با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“ |
|
| 26 |
|
| ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت، بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن، ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە. |
|
| 27 |
|
| دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن: ”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد، بەڵام سزا نەدرام لەسەری. |
|
| 28 |
|
| خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان، ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“ |
|
| 29 |
|
| «خودا هەموو ئەمانە دەکات، دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ، |
|
| 30 |
|
| بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە. |
|
| 31 |
|
| «جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب! بێدەنگ بە من قسە دەکەم. |
|
| 32 |
|
| ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە، قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆپاکت بکەم. |
|
| 33 |
|
| ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛ بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.» |
|
|
|
|