|
| 1 |
|
| «ئایا دەتوانیت لیڤیاتان بە قولاپ ڕاو بکەیت، یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟ |
|
| 2 |
|
| ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟ |
|
| 3 |
|
| ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟ |
|
| 4 |
|
| ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟ |
|
| 5 |
|
| ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟ |
|
| 6 |
|
| ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟ |
|
| 7 |
|
| ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و سەریشی پڕ لە تیر؟ |
|
| 8 |
|
| دەستت لەسەری دابنێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە! |
|
| 9 |
|
| هیواخواستن بۆ گرتنی پووچە، هەر بە بینینی دەتۆقێت. |
|
| 10 |
|
| کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت، ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟ |
|
| 11 |
|
| کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟ ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە. |
|
| 12 |
|
| «بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی. |
|
| 13 |
|
| کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟ کێ دەتوانێت هەردوو لای زرێیەکەی ببڕێت؟ |
|
| 14 |
|
| کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟ ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە. |
|
| 15 |
|
| پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە، بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛ |
|
| 16 |
|
| بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات. |
|
| 17 |
|
| هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛ پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە. |
|
| 18 |
|
| کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛ چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن. |
|
| 19 |
|
| لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە، پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە. |
|
| 20 |
|
| لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت، هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ. |
|
| 21 |
|
| هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت، گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت. |
|
| 22 |
|
| هێزەکەی لە ملیدایە، لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن. |
|
| 23 |
|
| گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە، بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە. |
|
| 24 |
|
| سەرسەختە، بە جەرگ و چاونەوترسە. |
|
| 25 |
|
| کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن، لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن. |
|
| 26 |
|
| شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت، نە ڕم و نە تیر. |
|
| 27 |
|
| ئاسن لەلای وەک کا وایە، بڕۆنزیش وەک داری کلۆر. |
|
| 28 |
|
| تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛ بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن. |
|
| 29 |
|
| گورز لەلای وەک کایە؛ بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت. |
|
| 30 |
|
| ژێری پارچە گۆزەی تیژە، جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت. |
|
| 31 |
|
| وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت، دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات. |
|
| 32 |
|
| لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت، شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات. |
|
| 33 |
|
| لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە، بۆ نەترسان دروستکراوە. |
|
| 34 |
|
| بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛ پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.» |
|
|
|
|