|
| 1 |
|
| «ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟ ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟ |
|
| 2 |
|
| قین گێل دەکوژێت و بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت. |
|
| 3 |
|
| من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا، بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا: |
|
| 4 |
|
| با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن، لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت. |
|
| 5 |
|
| دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن، ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن، تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت، |
|
| 6 |
|
| چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت. |
|
| 7 |
|
| بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت، وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت. |
|
| 8 |
|
| «بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو. |
|
| 9 |
|
| ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن. |
|
| 10 |
|
| ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت. |
|
| 11 |
|
| ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە، هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات. |
|
| 12 |
|
| ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت. |
|
| 13 |
|
| ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت، ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت. |
|
| 14 |
|
| لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت، لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو. |
|
| 15 |
|
| ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات. |
|
| 16 |
|
| جا زەلیل بە هیوا دەبێت و ناڕەوا دەمی دادەخات. |
|
| 17 |
|
| «سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە، لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بەتوانا ڕەت مەکەرەوە. |
|
| 18 |
|
| لەبەر ئەوەی ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات، وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە. |
|
| 19 |
|
| لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت. |
|
| 20 |
|
| لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر. |
|
| 21 |
|
| لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت، کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت. |
|
| 22 |
|
| بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت، |
|
| 23 |
|
| چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن. |
|
| 24 |
|
| جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە. |
|
| 25 |
|
| ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن. |
|
| 26 |
|
| لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا. |
|
| 27 |
|
| «ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە، جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.» |
|
|
|
|