|
| 1 |
|
| ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: |
|
| 2 |
|
| «ڕاستە، دەزانم کە وایە. جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟ |
|
| 3 |
|
| ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات، ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە. |
|
| 4 |
|
| خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە. کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟ |
|
| 5 |
|
| هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات. |
|
| 6 |
|
| زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات، جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە. |
|
| 7 |
|
| فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت، بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە. |
|
| 8 |
|
| خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە، بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە. |
|
| 9 |
|
| دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و حەوتەوانە و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن. |
|
| 10 |
|
| کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن، هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن. |
|
| 11 |
|
| کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم، کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم! |
|
| 12 |
|
| ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟ کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“ |
|
| 13 |
|
| خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە، یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ لە ژێریدا دەچەمێنەوە. |
|
| 14 |
|
| «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟ |
|
| 15 |
|
| ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە، بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم. |
|
| 16 |
|
| ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە، باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات، |
|
| 17 |
|
| بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات. |
|
| 18 |
|
| ناهێڵێت هەناسە بدەم، بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات. |
|
| 19 |
|
| ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە! ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟ |
|
| 20 |
|
| ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات، ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم. |
|
| 21 |
|
| «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم، بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛ ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە. |
|
| 22 |
|
| ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“ لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن، |
|
| 23 |
|
| ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت، بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت. |
|
| 24 |
|
| کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە، ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات، ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟ |
|
| 25 |
|
| «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات، گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم. |
|
| 26 |
|
| وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی. |
|
| 27 |
|
| ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“ |
|
| 28 |
|
| لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم، چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت. |
|
| 29 |
|
| من تاوانبار دەکرێم، ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟ |
|
| 30 |
|
| ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە، |
|
| 31 |
|
| لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت، تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە. |
|
| 32 |
|
| «ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە. |
|
| 33 |
|
| خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو، دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا، |
|
| 34 |
|
| تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و ترسەکەی نەمتۆقێنێت. |
|
| 35 |
|
| ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام، چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.» |
|
|
|
|