|
| 1 |
|
| ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە. |
|
| 2 |
|
| ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە: |
|
| 3 |
|
| ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت، لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە، |
|
| 4 |
|
| ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت، |
|
| 5 |
|
| ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە، تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە. |
|
| 6 |
|
| یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات، دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان. |
|
| 7 |
|
| ڕێگای خۆی بە موسا ناساند، کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل: |
|
| 8 |
|
| یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە. |
|
| 9 |
|
| تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە. |
|
| 10 |
|
| بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە. |
|
| 11 |
|
| وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن. |
|
| 12 |
|
| وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە. |
|
| 13 |
|
| وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە، یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن، |
|
| 14 |
|
| چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین. |
|
| 15 |
|
| مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات، |
|
| 16 |
|
| بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت. |
|
| 17 |
|
| بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە، |
|
| 18 |
|
| بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن، ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن. |
|
| 19 |
|
| یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات. |
|
| 20 |
|
| ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن، ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن. |
|
| 21 |
|
| ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو کار دەکەن. |
|
| 22 |
|
| ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. |
|
|
|
|