|
| 1 |
|
| ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە. |
|
| 2 |
|
| وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە، |
|
| 3 |
|
| وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت. |
|
| 4 |
|
| بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت. |
|
| 5 |
|
| زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت. |
|
| 6 |
|
| تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی، لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن. |
|
| 7 |
|
| بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن، لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد، |
|
| 8 |
|
| بەسەر چیاکان کەوتن و شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان، بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون. |
|
| 9 |
|
| سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن، نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن. |
|
| 10 |
|
| کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن. |
|
| 11 |
|
| هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن، کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن. |
|
| 12 |
|
| باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات، لەناو چڵەکان دەخوێنێت. |
|
| 13 |
|
| لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت، زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت. |
|
| 14 |
|
| گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت، سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە. |
|
| 15 |
|
| مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی، ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی، نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ. |
|
| 16 |
|
| درەختەکانی یەزدان تێر دەبن، ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی، |
|
| 17 |
|
| ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات، لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی، |
|
| 18 |
|
| چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی، تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە. |
|
| 19 |
|
| مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان، خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت. |
|
| 20 |
|
| تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو، هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ. |
|
| 21 |
|
| بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن، بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا. |
|
| 22 |
|
| کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە، لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن. |
|
| 23 |
|
| مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری، بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە. |
|
| 24 |
|
| ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ. |
|
| 25 |
|
| ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت. |
|
| 26 |
|
| لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان ، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات. |
|
| 27 |
|
| ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ، |
|
| 28 |
|
| پێیان دەدەیت و وەریدەگرن، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن. |
|
| 29 |
|
| ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان. |
|
| 30 |
|
| کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیدەهێنرێن، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە. |
|
| 31 |
|
| با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت. |
|
| 32 |
|
| ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت، دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن. |
|
| 33 |
|
| بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم، تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم. |
|
| 34 |
|
| با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای، منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم. |
|
| 35 |
|
| بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە، با بەدکاران ئیتر نەمێنن. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. هەلیلویا! |
|
|
|
|