|
| 1 |
|
| خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە، ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن. |
|
| 2 |
|
| خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن، بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن. |
|
| 3 |
|
| هەروەها خراپە ناکەن و بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن. |
|
| 4 |
|
| تۆ ڕێنماییەکانت داوە، بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن. |
|
| 5 |
|
| خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت! |
|
| 6 |
|
| ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم، کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت. |
|
| 7 |
|
| بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم، کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. |
|
| 8 |
|
| فەرزەکانت بەجێدەهێنم، هەرگیز وازم لێ مەهێنە. |
|
| 9 |
|
| گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟ بە پاراستنی وشەکانت. |
|
| 10 |
|
| بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم، مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم. |
|
| 11 |
|
| وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە، تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم. |
|
| 12 |
|
| ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ! فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. |
|
| 13 |
|
| بە لێوەکانی خۆم، باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم. |
|
| 14 |
|
| بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم، وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە. |
|
| 15 |
|
| لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە، چاو دەبڕمە ڕێگاکانت. |
|
| 16 |
|
| بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم، وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت. |
|
| 17 |
|
| چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە، تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم. |
|
| 18 |
|
| چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم، کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت. |
|
| 19 |
|
| من نامۆم لە زەوی، ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە. |
|
| 20 |
|
| گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک. |
|
| 21 |
|
| سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد، کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون. |
|
| 22 |
|
| ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە، چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە. |
|
| 23 |
|
| هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن، بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە. |
|
| 24 |
|
| یاساکانت شادمانی منن، ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن. |
|
| 25 |
|
| گیانم بە خۆڵەوە نووساوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. |
|
| 26 |
|
| باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. |
|
| 27 |
|
| ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە. |
|
| 28 |
|
| گیانم لە خەفەتان توایەوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە. |
|
| 29 |
|
| ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە. |
|
| 30 |
|
| ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە، حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم. |
|
| 31 |
|
| دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم، ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم! |
|
| 32 |
|
| بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم، چونکە دڵی منت ئازاد کرد. |
|
| 33 |
|
| ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە، هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم. |
|
| 34 |
|
| تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم، بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم. |
|
| 35 |
|
| بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت، چونکە دڵخۆشم دەکەن. |
|
| 36 |
|
| دڵم بخەرە سەر یاساکانت، نەک سەر قازانج. |
|
| 37 |
|
| چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ، لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە. |
|
| 38 |
|
| بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی، ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن. |
|
| 39 |
|
| ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم، چونکە حوکمەکانت چاکن. |
|
| 40 |
|
| ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم، بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە. |
|
| 41 |
|
| ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت، ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت، |
|
| 42 |
|
| جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات، چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە. |
|
| 43 |
|
| وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە، چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە. |
|
| 44 |
|
| بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم، هەتاهەتایە و هەتاسەر. |
|
| 45 |
|
| بە ئازادی دەڕۆم، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. |
|
| 46 |
|
| لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم، شەرمەزاریش نابم. |
|
| 47 |
|
| خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم، چونکە حەزم لێیانە. |
|
| 48 |
|
| دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت، سەرنج دەدەمە فەرزەکانت. |
|
| 49 |
|
| پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە. |
|
| 50 |
|
| لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە. |
|
| 51 |
|
| لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە. |
|
| 52 |
|
| ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە. |
|
| 53 |
|
| لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە. |
|
| 54 |
|
| فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم. |
|
| 55 |
|
| ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم. |
|
| 56 |
|
| ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد. |
|
| 57 |
|
| ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم. |
|
| 58 |
|
| بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە. |
|
| 59 |
|
| لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە. |
|
| 60 |
|
| خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت. |
|
| 61 |
|
| گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. |
|
| 62 |
|
| لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت. |
|
| 63 |
|
| من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن. |
|
| 64 |
|
| ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. |
|
| 65 |
|
| ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت. |
|
| 66 |
|
| هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە. |
|
| 67 |
|
| بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم. |
|
| 68 |
|
| تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. |
|
| 69 |
|
| لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. |
|
| 70 |
|
| دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من. |
|
| 71 |
|
| چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم. |
|
| 72 |
|
| فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من. |
|
| 73 |
|
| دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم. |
|
| 74 |
|
| ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە. |
|
| 75 |
|
| ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم. |
|
| 76 |
|
| با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت. |
|
| 77 |
|
| با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من. |
|
| 78 |
|
| با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت. |
|
| 79 |
|
| با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن. |
|
| 80 |
|
| با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم. |
|
| 81 |
|
| گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە. |
|
| 82 |
|
| چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟» |
|
| 83 |
|
| هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە. |
|
| 84 |
|
| خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟ |
|
| 85 |
|
| لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە! |
|
| 86 |
|
| هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە! |
|
| 87 |
|
| خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم. |
|
| 88 |
|
| بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم. |
|
| 89 |
|
| ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە. |
|
| 90 |
|
| دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت. |
|
| 91 |
|
| ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن. |
|
| 92 |
|
| ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. |
|
| 93 |
|
| هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە. |
|
| 94 |
|
| من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. |
|
| 95 |
|
| بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم. |
|
| 96 |
|
| بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە. |
|
| 97 |
|
| چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە. |
|
| 98 |
|
| بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە. |
|
| 99 |
|
| لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە. |
|
| 100 |
|
| لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. |
|
| 101 |
|
| پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم. |
|
| 102 |
|
| لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم. |
|
| 103 |
|
| بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم. |
|
| 104 |
|
| لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. |
|
| 105 |
|
| وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام. |
|
| 106 |
|
| سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. |
|
| 107 |
|
| ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. |
|
| 108 |
|
| ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە. |
|
| 109 |
|
| هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم. |
|
| 110 |
|
| بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم. |
|
| 111 |
|
| یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن. |
|
| 112 |
|
| دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی. |
|
| 113 |
|
| ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە. |
|
| 114 |
|
| تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە. |
|
| 115 |
|
| ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم. |
|
| 116 |
|
| بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە. |
|
| 117 |
|
| پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت. |
|
| 118 |
|
| هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە. |
|
| 119 |
|
| هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە. |
|
| 120 |
|
| لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم. |
|
| 121 |
|
| دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە، ڕادەستی زۆردارم مەکە. |
|
| 122 |
|
| بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت، با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن. |
|
| 123 |
|
| چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت، بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت. |
|
| 124 |
|
| بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. |
|
| 125 |
|
| من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە، بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم. |
|
| 126 |
|
| ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە، چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە. |
|
| 127 |
|
| لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو، |
|
| 128 |
|
| هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم، ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. |
|
| 129 |
|
| یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات. |
|
| 130 |
|
| ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان. |
|
| 131 |
|
| دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم. |
|
| 132 |
|
| ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت. |
|
| 133 |
|
| هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت. |
|
| 134 |
|
| لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم. |
|
| 135 |
|
| ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. |
|
| 136 |
|
| جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت. |
|
| 137 |
|
| ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت، حوکمەکانت ڕاستن. |
|
| 138 |
|
| ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و بە تەواوی جێی متمانەن. |
|
| 139 |
|
| دڵگەرمیم سووتاندمی، چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە. |
|
| 140 |
|
| بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە، خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی. |
|
| 141 |
|
| من بچووک و ڕیسوام، بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم. |
|
| 142 |
|
| ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و فێرکردنت ڕاستە. |
|
| 143 |
|
| تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن. |
|
| 144 |
|
| یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن، تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم. |
|
| 145 |
|
| پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم. |
|
| 146 |
|
| هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم. |
|
| 147 |
|
| پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە. |
|
| 148 |
|
| بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە. |
|
| 149 |
|
| بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. |
|
| 150 |
|
| پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە. |
|
| 151 |
|
| بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن. |
|
| 152 |
|
| لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە. |
|
| 153 |
|
| سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. |
|
| 154 |
|
| پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە. |
|
| 155 |
|
| ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن. |
|
| 156 |
|
| ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. |
|
| 157 |
|
| دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە. |
|
| 158 |
|
| ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون. |
|
| 159 |
|
| ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە. |
|
| 160 |
|
| هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین. |
|
| 161 |
|
| میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە، بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت. |
|
| 162 |
|
| بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم، وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت. |
|
| 163 |
|
| ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە، بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە. |
|
| 164 |
|
| ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم، بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت. |
|
| 165 |
|
| ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن، هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ. |
|
| 166 |
|
| ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە، ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم. |
|
| 167 |
|
| گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات، چونکە زۆر حەزم لێیەتی. |
|
| 168 |
|
| ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم، چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن. |
|
| 169 |
|
| ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت، بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە. |
|
| 170 |
|
| با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت، بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە. |
|
| 171 |
|
| با لێوم ستایشی لێ بڕژێت، چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت. |
|
| 172 |
|
| با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ، چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن. |
|
| 173 |
|
| با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم، چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە. |
|
| 174 |
|
| ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێرکردنت شادی منە. |
|
| 175 |
|
| با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم، حوکمەکانت یارمەتیم بدات. |
|
| 176 |
|
| وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم، بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ، چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە. |
|
|
|
|