×

كوردی سۆرانی ستانده‌رد

Zebûr ١٤٢

1
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
2
سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم، لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
3
لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم، تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی. لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم، خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
4
ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە، کوا ناسیاوی من؟ پەناگا بۆ من قڕبووە، کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
5
ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، گوتم: «تۆ پەناگای منی، لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
6
بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە، چونکە زۆر زەلیلم، لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە، چونکە لە من بەهێزترن.
7
گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم. ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن، چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.
Kurdish Bible 2020
٢٠٢٠ Biblica, Inc بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە. Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™ 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc
:
Notayan Tomar Bikin