|
| 1 |
|
| خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟ بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟ |
|
| 2 |
|
| ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە، بە شەویش ئارامیم نییە. |
|
| 3 |
|
| لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت، لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت. |
|
| 4 |
|
| باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست، پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن. |
|
| 5 |
|
| هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن، پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون. |
|
| 6 |
|
| بەڵام من سەگم نەک مرۆڤ، مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک. |
|
| 7 |
|
| هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن، توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن: |
|
| 8 |
|
| «پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات. با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە.» |
|
| 9 |
|
| بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام، کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم. |
|
| 10 |
|
| من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم، لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی. |
|
| 11 |
|
| لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و کەس نییە یارمەتیم بدات. |
|
| 12 |
|
| گای زۆر دەوریان داوم، گایە بەهێزەکانی باشان ئابڵوقەیان داوم. |
|
| 13 |
|
| وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ، ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە. |
|
| 14 |
|
| وەک ئاو ڕژام، هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە. دڵم بووە بە مۆم، لە ناخمدا تواوەتەوە. |
|
| 15 |
|
| هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە، زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە، منت خستە ناو خاکی مەرگ. |
|
| 16 |
|
| سەگ دەوریان داوم، تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم، دەست و پێیان کون کردووم. |
|
| 17 |
|
| هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم، ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە. |
|
| 18 |
|
| جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن، تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن. |
|
| 19 |
|
| بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە، ئەی هێزی من، زوو بگە فریام. |
|
| 20 |
|
| ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە، ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ. |
|
| 21 |
|
| لە دەمی شێر ڕزگارم بکە، لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە. |
|
| 22 |
|
| ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم، لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم. |
|
| 23 |
|
| ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن! ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن! ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن! |
|
| 24 |
|
| لەبەر ئەوەی بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات، ڕووی لێ وەرناگێڕێت، بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت. |
|
| 25 |
|
| لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی، نەزرەکانم بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە. |
|
| 26 |
|
| هەژارەکان دەخۆن و تێر دەبن، ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن، دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت. |
|
| 27 |
|
| سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو، هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن، |
|
| 28 |
|
| چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. |
|
| 29 |
|
| هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن، ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە. |
|
| 30 |
|
| نەوەکان دەیپەرستن، باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت. |
|
| 31 |
|
| ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە، چونکە ئەم کارەی کردووە. |
|
|
|
|