|
| 1 |
|
| ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە. |
|
| 2 |
|
| گوێت بۆم شل بکە، بە زوویی فریام بکەوە، ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم، بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم. |
|
| 3 |
|
| لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی، لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە. |
|
| 4 |
|
| لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە، چونکە تۆ پەناگای منی. |
|
| 5 |
|
| ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم، ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە. |
|
| 6 |
|
| من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن، من متمانەم بە یەزدان هەیە. |
|
| 7 |
|
| من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم، چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە. |
|
| 8 |
|
| نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان، بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم. |
|
| 9 |
|
| ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام. چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان، ڕۆح و لەشم لە خەمان. |
|
| 10 |
|
| ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە، ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان، لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە، ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە. |
|
| 11 |
|
| بەهۆی دوژمنەکانمەوە، بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم، بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم، ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە. |
|
| 12 |
|
| لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم، وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە. |
|
| 13 |
|
| گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە، «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!» هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن، بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن. |
|
| 14 |
|
| بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە، دەڵێم: «تۆ خودای منیت.» |
|
| 15 |
|
| ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە، لە دەستی دوژمنان و ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە. |
|
| 16 |
|
| با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە. |
|
| 17 |
|
| با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان، چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم، با بەدکاران شەرمەزار بن، لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن. |
|
| 18 |
|
| با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت، چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن. |
|
| 19 |
|
| چاکەت چەند مەزنە، کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن. |
|
| 20 |
|
| لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە، لە پیلانەکانی خەڵکی، لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت، لە زمانی سکاڵاکەران. |
|
| 21 |
|
| ستایش بۆ یەزدان، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام، کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم. |
|
| 22 |
|
| لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم: «لەبەرچاوت نەماوم!» بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت، کە هاوارم بۆت هێنا. |
|
| 23 |
|
| ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت! یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت، بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات. |
|
| 24 |
|
| ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن، ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە. |
|
|
|
|