|
| 1 |
|
| بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ، بەغیلی بە بەدکاران مەبە، |
|
| 2 |
|
| چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن، وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن. |
|
| 3 |
|
| پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە، لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە. |
|
| 4 |
|
| خۆشی لە یەزدان ببینە، داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت. |
|
| 5 |
|
| ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات: |
|
| 6 |
|
| ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات، بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ. |
|
| 7 |
|
| لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە، کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون، کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ. |
|
| 8 |
|
| لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە. مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات. |
|
| 9 |
|
| بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە. |
|
| 10 |
|
| پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت، دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە. |
|
| 11 |
|
| بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن. |
|
| 12 |
|
| خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە، |
|
| 13 |
|
| بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت. |
|
| 14 |
|
| بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە. |
|
| 15 |
|
| بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت. |
|
| 16 |
|
| ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی، لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە، |
|
| 17 |
|
| چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت، بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت. |
|
| 18 |
|
| یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین، هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت. |
|
| 19 |
|
| لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن، لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن. |
|
| 20 |
|
| بەڵام بەدکاران دەفەوتێن، دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن، وەک دووکەڵ لەناودەچن. |
|
| 21 |
|
| بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە، بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن. |
|
| 22 |
|
| ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە، بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە. |
|
| 23 |
|
| یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ، بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ. |
|
| 24 |
|
| ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت، چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت. |
|
| 25 |
|
| من گەنج بووم و ئێستا پیرم، هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن. |
|
| 26 |
|
| هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات، منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن. |
|
| 27 |
|
| لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە، ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت، |
|
| 28 |
|
| چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات، واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ. هەتاهەتایە دەپارێزرێن، بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە. |
|
| 29 |
|
| ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن. |
|
| 30 |
|
| دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت، زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات. |
|
| 31 |
|
| فێرکردنی خودای خۆی لەناو دڵیەتی، بۆیە پێی ناخلیسکێت. |
|
| 32 |
|
| بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست، هەوڵدەدات بیکوژێت، |
|
| 33 |
|
| بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت، ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت. |
|
| 34 |
|
| چاوەڕێی یەزدان بکە و ڕێگای ئەو بگرە. ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە، کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت. |
|
| 35 |
|
| بەدکارم دی بێ ویژدان بوو، وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد، |
|
| 36 |
|
| بەڵام زوو تێپەڕی و نەما، هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو. |
|
| 37 |
|
| بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە. |
|
| 38 |
|
| بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن، دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە. |
|
| 39 |
|
| ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت، ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە. |
|
| 40 |
|
| یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات، لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات، چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن. |
|
|
|
|