|
| 1 |
|
| خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان، باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین، تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان، لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە. |
|
| 2 |
|
| بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و باوباپیرانی ئێمەت چاند، گەلانت وردوخاش کرد و گەشەت بە باوباپیرانمان دا. |
|
| 3 |
|
| ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکەکەدا نەگرت، بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، بەڵکو دەستی ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو، هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست. |
|
| 4 |
|
| تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب. |
|
| 5 |
|
| لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین. |
|
| 6 |
|
| من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات. |
|
| 7 |
|
| بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد. |
|
| 8 |
|
| بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. |
|
| 9 |
|
| بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت. |
|
| 10 |
|
| وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین. |
|
| 11 |
|
| وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە. |
|
| 12 |
|
| گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە. |
|
| 13 |
|
| لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان. |
|
| 14 |
|
| ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان. |
|
| 15 |
|
| ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم، |
|
| 16 |
|
| لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر. |
|
| 17 |
|
| ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە. |
|
| 18 |
|
| دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە. |
|
| 19 |
|
| بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین. |
|
| 20 |
|
| ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە، یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە، |
|
| 21 |
|
| ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو، چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟ |
|
| 22 |
|
| لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین. |
|
| 23 |
|
| ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟ هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە! |
|
| 24 |
|
| بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟ بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟ |
|
| 25 |
|
| گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە، سکمان بە زەوییەوە نووساوە. |
|
| 26 |
|
| ڕاپەڕە! بگە فریامان! لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە. |
|
|
|
|