|
| 1 |
|
| با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە! با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن! |
|
| 2 |
|
| وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت، وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر، با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن. |
|
| 3 |
|
| بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن. |
|
| 4 |
|
| گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن. |
|
| 5 |
|
| باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی. |
|
| 6 |
|
| خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن. |
|
| 7 |
|
| ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد، کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت، |
|
| 8 |
|
| زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد لەبەردەم خودا، خودای سینا، لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل. |
|
| 9 |
|
| ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند، میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد. |
|
| 10 |
|
| کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن، خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد. |
|
| 11 |
|
| پەروەردگار فەرمانی دا و کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن: |
|
| 12 |
|
| «پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن! ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن، |
|
| 13 |
|
| تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن، باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.» |
|
| 14 |
|
| کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد، وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن. |
|
| 15 |
|
| چیای باشان چیای خودایە، چیای باشان چیای فرە لووتکەیە. |
|
| 16 |
|
| ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟ |
|
| 17 |
|
| گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا. |
|
| 18 |
|
| ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد، دیاریت لە خەڵک وەرگرت، تەنانەت لە یاخییەکانیش، ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت. |
|
| 19 |
|
| ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان، ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت. |
|
| 20 |
|
| خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە، لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە. |
|
| 21 |
|
| بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە، تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن. |
|
| 22 |
|
| پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە، لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە، |
|
| 23 |
|
| بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت، زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.» |
|
| 24 |
|
| ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی، کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا. |
|
| 25 |
|
| گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و ساز لێدەرەکان لە دواوە، کچۆڵە دەف لێدەرەکان لە ناوەڕاستیان. |
|
| 26 |
|
| لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن، ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن. |
|
| 27 |
|
| ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە، کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا، سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی. |
|
| 28 |
|
| ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە، ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد. |
|
| 29 |
|
| لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم، پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن. |
|
| 30 |
|
| سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە، ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان، تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات. ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە. |
|
| 31 |
|
| باڵوێز لە میسرەوە دێن، کوش دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات. |
|
| 32 |
|
| ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن، |
|
| 33 |
|
| بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین، ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە. |
|
| 34 |
|
| با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت، ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە، ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە. |
|
| 35 |
|
| خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت، خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی. ستایش بۆ خودا! |
|
|
|
|