|
| 1 |
|
| ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، |
|
| 2 |
|
| بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە. گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە. |
|
| 3 |
|
| بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا، هەمیشە پەنای بۆ ببەم. فەرمانی ڕزگاریی من بدە، چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت. |
|
| 4 |
|
| ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران، لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە. |
|
| 5 |
|
| ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت، لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت. |
|
| 6 |
|
| لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە، تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام، ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە. |
|
| 7 |
|
| بووم بە پەند لەلای زۆر کەس، بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت. |
|
| 8 |
|
| دەمم پڕە لە ستایشی تۆ، لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ. |
|
| 9 |
|
| لە کاتی پیری فڕێممەدە، کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە، |
|
| 10 |
|
| چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن، ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن. |
|
| 11 |
|
| دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە، ڕاوی بنێن و بیگرن، چونکە دەربازکەری نییە.» |
|
| 12 |
|
| خودایە، لێم دوور مەکەوە، ئەی خودای من، زوو بگە فریام. |
|
| 13 |
|
| با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن، با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت. |
|
| 14 |
|
| بەڵام من هەمیشە هیوادارم، هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم. |
|
| 15 |
|
| دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات، بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات، هەرچەندە پێوانەکەی نازانم. |
|
| 16 |
|
| دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم، تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد. |
|
| 17 |
|
| خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم، هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. |
|
| 18 |
|
| خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم، وازم لێ مەهێنە، هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم، هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن. |
|
| 19 |
|
| خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە، کردارەکانت زۆر مەزنن. ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟ |
|
| 20 |
|
| تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام، بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە، لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە. |
|
| 21 |
|
| مەزنێتیم زیاتر دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت. |
|
| 22 |
|
| ئەی خودای من، لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم، ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل، بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم. |
|
| 23 |
|
| لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن، کە گۆرانیت بۆ دەڵێم، هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە. |
|
| 24 |
|
| زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات، چونکە شەرمەزار و سووک بوون، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت. |
|
|
|
|