|
| 1 |
|
| ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت: «سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکەی فڕێدایە ناو دەریا. |
|
| 2 |
|
| «هێز و سروودم یەزدانە، بووە بە ڕزگاری بۆم. ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم، خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم. |
|
| 3 |
|
| یەزدان پاڵەوانە، ناوی یەزدانە. |
|
| 4 |
|
| گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی فڕێدایە ناو دەریا، هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی لە دەریای سوور نوقوم بوون، |
|
| 5 |
|
| قووڵایی دایپۆشین، کەوتنە بنەوە وەک بەرد. |
|
| 6 |
|
| دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت. دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، دوژمن تێکدەشکێنێت. |
|
| 7 |
|
| «بە مەزنی و پایەبەرزیت بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت، جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت وەک پووش دەیانخوات. |
|
| 8 |
|
| بە بای لووتت ئاوەکان گرد بوونەوە، ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان، قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان. |
|
| 9 |
|
| دوژمن گوتی: ”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم، تاڵان دابەش دەکەم، گیانم لێیان تێر دەبێت، شمشێرەکەم ڕادەکێشم، دەستم لەناویان دەبات.“ |
|
| 10 |
|
| بەڵام بە بای خۆت فووت کرد، دەریا دایپۆشین، ڕۆچوون وەک قورقوشم، لە ئاوێکی مەزن. |
|
| 11 |
|
| ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟ کێ وەک تۆ پایەبەرزە لە پیرۆزی، سامناک لە شکۆمەندی، دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟ |
|
| 12 |
|
| «دەستی ڕاستت درێژکرد، زەوی قووتی دان. |
|
| 13 |
|
| ئەو گەلەی کڕیتەوە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت، بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت، بۆ نشینگەی پیرۆزت. |
|
| 14 |
|
| گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن، دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت. |
|
| 15 |
|
| سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن، ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت، هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە. |
|
| 16 |
|
| سامناکی و تۆقین دێتە سەریان. ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن، هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە، هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە. |
|
| 17 |
|
| ئەی یەزدان، دەیانهێنیت و دەیانچێنیت لە کێوی میراتت، ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد، ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند. |
|
| 18 |
|
| «یەزدان پاشایەتی دەکات بۆ هەتاهەتایە.» |
|
| 19 |
|
| کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن. |
|
| 20 |
|
| ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن. |
|
| 21 |
|
| مریەمیش سروودی بۆ گوتن: «سروود بۆ یەزدان بڵێ، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکانی فڕێدایە ناو دەریا.» |
|
| 22 |
|
| ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە. |
|
| 23 |
|
| کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا. |
|
| 24 |
|
| جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟» |
|
| 25 |
|
| موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو. لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە. |
|
| 26 |
|
| فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.» |
|
| 27 |
|
| ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا. |
|
|
|
|