|
| 1 |
|
| ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە، ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت، |
|
| 2 |
|
| چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن. |
|
| 3 |
|
| بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت، بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت، |
|
| 4 |
|
| بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان. |
|
| 5 |
|
| پیاوی دانا بەتوانایە، کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت. |
|
| 6 |
|
| بێگومان بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت، سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە. |
|
| 7 |
|
| دانایی بەرزە بۆ گێل، لە کۆڕی ناو دەروازەدا دەمی لێک ناکاتەوە. |
|
| 8 |
|
| ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە، بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت. |
|
| 9 |
|
| پیلانی گێلایەتی گوناهە، خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە. |
|
| 10 |
|
| ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە، بێ هێزیت! |
|
| 11 |
|
| ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە. |
|
| 12 |
|
| ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،» ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟ ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟ ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟ |
|
| 13 |
|
| ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ، چونکە باشە و شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە، |
|
| 14 |
|
| هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە. ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و ئومێدبڕ نابیت. |
|
| 15 |
|
| وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست، هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی، |
|
| 16 |
|
| چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە، بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت. |
|
| 17 |
|
| بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە، بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت، |
|
| 18 |
|
| نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت، جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە. |
|
| 19 |
|
| مەراق لە خراپەکاران مەخۆ، ئیرەیی بە بەدکاران مەبە، |
|
| 20 |
|
| چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و چرای بەدکاران دەکوژێتەوە. |
|
| 21 |
|
| ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە، تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە، |
|
| 22 |
|
| چونکە بەڵایان لەپڕ دێت، بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟ |
|
| 23 |
|
| هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە: لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە. |
|
| 24 |
|
| ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،» گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن. |
|
| 25 |
|
| بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت. |
|
| 26 |
|
| وەڵامی ڕاست وەک ماچی لێوە. |
|
| 27 |
|
| کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە، دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ. |
|
| 28 |
|
| بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە، بە لێوەکانت فێڵ مەکە. |
|
| 29 |
|
| مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم، سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.» |
|
| 30 |
|
| بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم، بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش. |
|
| 31 |
|
| چقڵ هەمووی داگرتبوو، گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو، کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو. |
|
| 32 |
|
| تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە، بینیم و وانەم لێ وەرگرت: |
|
| 33 |
|
| کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان، |
|
| 34 |
|
| ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار. |
|
|
|
|