|
| 1 |
|
| ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە، فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە، |
|
| 2 |
|
| چونکە ڕۆژگاری درێژ و ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات. |
|
| 3 |
|
| با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە، بە ملتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە. |
|
| 4 |
|
| ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت لەلای خودا و خەڵک. |
|
| 5 |
|
| پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە. |
|
| 6 |
|
| لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە، ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات. |
|
| 7 |
|
| لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە، لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە. |
|
| 8 |
|
| دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و خۆراک بۆ ئێسقانەکانت. |
|
| 9 |
|
| بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە، بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت. |
|
| 10 |
|
| ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری، قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ. |
|
| 11 |
|
| ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، |
|
| 12 |
|
| چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت. |
|
| 13 |
|
| خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، |
|
| 14 |
|
| چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ. |
|
| 15 |
|
| لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. |
|
| 16 |
|
| تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. |
|
| 17 |
|
| ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. |
|
| 18 |
|
| درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. |
|
| 19 |
|
| یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. |
|
| 20 |
|
| بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند. |
|
| 21 |
|
| ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە، ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، |
|
| 22 |
|
| دەبنە ژیان بۆ تۆ، ملوانکە بۆ جوانی گەردنت. |
|
| 23 |
|
| ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و ساتمە ناکەیت و ناکەویت. |
|
| 24 |
|
| کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت، ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت. |
|
| 25 |
|
| نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت، |
|
| 26 |
|
| چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت. |
|
| 27 |
|
| دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن، کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت. |
|
| 28 |
|
| بە کەس مەڵێ: «بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،» لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە. |
|
| 29 |
|
| پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە، لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە. |
|
| 30 |
|
| لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە، ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد. |
|
| 31 |
|
| بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە، هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە، |
|
| 32 |
|
| چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە، بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە. |
|
| 33 |
|
| نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات. |
|
| 34 |
|
| هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان. |
|
| 35 |
|
| داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن، بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن. |
|
|
|
|