|
| 1 |
|
| ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون. |
|
| 2 |
|
| چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار، چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە، زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە. |
|
| 3 |
|
| وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە، چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە. |
|
| 4 |
|
| دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە. |
|
| 5 |
|
| گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان، |
|
| 6 |
|
| چونکە پێکەنینی پیاوی گێل، وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا. ئەمەش هەر بێ واتایە. |
|
| 7 |
|
| زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات. |
|
| 8 |
|
| کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی، پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە. |
|
| 9 |
|
| لە ناخەوە زوو پەست مەبە، چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە. |
|
| 10 |
|
| مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟» چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت. |
|
| 11 |
|
| دانایی باشە وەک میرات و بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن. |
|
| 12 |
|
| دانایی پەناگایە وەک چۆن پارەش پەناگایەکە، بەڵام ئەمە سوودی زانینە: دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی. |
|
| 13 |
|
| تەماشای کاری خودا بکە: کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟ |
|
| 14 |
|
| لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە، بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە خودا هەردووکیانی دروستکردووە. ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە. |
|
| 15 |
|
| لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی: کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت، خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات. |
|
| 16 |
|
| زۆر ڕاستودروست مەبە و زیاد دانا مەبە. بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟ |
|
| 17 |
|
| زۆر بەدکار مەبە و مەبە بە گێل. بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟ |
|
| 18 |
|
| باشترە دەست بە یەکێکیانەوە بگریت و دەست لەوەی دیکەش شل نەکەیت، چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی ناکات. |
|
| 19 |
|
| دانایی دانا بەهێزتر دەکات لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن. |
|
| 20 |
|
| بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە، کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات. |
|
| 21 |
|
| هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ، نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات، |
|
| 22 |
|
| چونکە دڵت دەزانێت کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە. |
|
| 23 |
|
| هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردەوە و گوتم: «دانا دەبم،» کەچی لێم دوور بوو. |
|
| 24 |
|
| ئەو داناییە کە هەیە دوورە و زۆر قووڵە؛ کێ دەیدۆزێتەوە؟ |
|
| 25 |
|
| هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم، لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و گێلایەتیش شێتییە. |
|
| 26 |
|
| من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە، دەستەکانیشی کۆتن. ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت، بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت. |
|
| 27 |
|
| وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە: «بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە، |
|
| 28 |
|
| لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام، پەندێکم بیستووە کە دەڵێت: ”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە، بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“ |
|
| 29 |
|
| تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە: خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە، بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.» |
|
|
|
|