|
| 1 |
|
| ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە. قژت وەک مێگەلە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە. |
|
| 2 |
|
| ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن، کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین. |
|
| 3 |
|
| لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە، دەمت شیرینە، گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە. |
|
| 4 |
|
| گەردنت وەک قوللەی داودە بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە، هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە، هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە. |
|
| 5 |
|
| جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن، کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن. |
|
| 6 |
|
| بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، دەچمە چیای موڕ و گردی بخوور. |
|
| 7 |
|
| ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە، هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە. |
|
| 8 |
|
| بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە. لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە، لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە، لە لانەی شێرانەوە، لە چیای پڵنگانەوە. |
|
| 9 |
|
| ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە، بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم، بە موورووێکی ملوانکەکەت. |
|
| 10 |
|
| ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم، ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە، بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک. |
|
| 11 |
|
| لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ، شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە! بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە. |
|
| 12 |
|
| باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم، سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە! |
|
| 13 |
|
| نەمامەکانت باخی هەنارن لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە، خەنە و ناردین، |
|
| 14 |
|
| ناردین و کارکۆم ، قامیشی بۆنخۆش و دارچین، لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک، موڕ و ئەلوا لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان. |
|
| 15 |
|
| تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت، بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی، لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ. |
|
| 16 |
|
| هەستە، ئەی بای باکوور، وەرە، ئەی بای باشوور! بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن، با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە، بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی، با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات. |
|
|
|
|