|
| 1 |
|
| سروشێک سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی: |
|
| 2 |
|
| لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن، دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە، دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە بۆ ناو دەرگای میران. |
|
| 3 |
|
| من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد، هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم، ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم. |
|
| 4 |
|
| گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت، وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر! گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت، وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە! یەزدانی سوپاسالار سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ! |
|
| 5 |
|
| لە خاکێکی دوورەوە دێن، لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن، یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی، بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی. |
|
| 6 |
|
| واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت. |
|
| 7 |
|
| لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن، هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە. |
|
| 8 |
|
| ڕادەچڵەکێن، ئازار و ژان دەیانگرێت، وەک منداڵبوو دەتلێنەوە. پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی، ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە. |
|
| 9 |
|
| ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت، سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە، بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە. |
|
| 10 |
|
| ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی ڕووناکییان دەرناخەن، خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت، مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە. |
|
| 11 |
|
| سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی، بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان، کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم. |
|
| 12 |
|
| مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر. |
|
| 13 |
|
| لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت، لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی. |
|
| 14 |
|
| وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە، هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت. |
|
| 15 |
|
| ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت. |
|
| 16 |
|
| منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن. |
|
| 17 |
|
| ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم، ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و کەیفیان بە زێڕ نایەت. |
|
| 18 |
|
| کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن، بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە، دڵیان بە منداڵان ناسووتێت. |
|
| 19 |
|
| بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و جوانی شانازی بابلییەکان وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت، کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت. |
|
| 20 |
|
| هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت، عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات، شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن. |
|
| 21 |
|
| بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن، چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛ کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت، تەگە لەوێ سەما دەکەن. |
|
| 22 |
|
| کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت، چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی. کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن، ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت. |
|
|
|
|