|
| 1 |
|
| یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە، لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە، نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب. |
|
| 2 |
|
| گەلان دەیانگرن و دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان، دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا. |
|
| 3 |
|
| ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە، |
|
| 4 |
|
| ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت: زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات! خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات! |
|
| 5 |
|
| یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند، داردەستی فەرمانڕەواکان، |
|
| 6 |
|
| ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا، لێدانێکی بێ بڕانەوە، بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد، بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە. |
|
| 7 |
|
| هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی. |
|
| 8 |
|
| هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن: «لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.» |
|
| 9 |
|
| جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت بۆ پێشوازی لە هاتنت، ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت، هەموو سەرکردەکانی جیهان، لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت، هەموو پاشایانی نەتەوەکان. |
|
| 10 |
|
| هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن: «هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت، وەک ئێمەت لێ هات.» |
|
| 11 |
|
| مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان بەدەم ئاوازی سازەکانت، لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و کرمیش دەبێتە لێفەت. |
|
| 12 |
|
| چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان! |
|
| 13 |
|
| تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن. |
|
| 14 |
|
| سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.» |
|
| 15 |
|
| بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن. |
|
| 16 |
|
| ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن، لێت ورد دەبنەوە: «ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند، شانشینەکانی هەژاند، |
|
| 17 |
|
| ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی، شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد، ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟» |
|
| 18 |
|
| هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان، هەریەکە و لە ئارامگای خۆی. |
|
| 19 |
|
| بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە. دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان کە بە شمشێر لێیان دراوە، شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن. وەک لاشەی پێشێلکراو، |
|
| 20 |
|
| لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت، چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد، گەلەکەی خۆتت کوشت. با توخمی خراپەکاران هەتاهەتایە ناویان نەیەت. |
|
| 21 |
|
| سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن لەسەر تاوانی باوکانیان، با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە. |
|
| 22 |
|
| «هەڵدەستمە سەریان،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت. «لە بابل ناو و پاشماوە و نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 23 |
|
| «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و گۆمی ئاو، بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت. |
|
| 24 |
|
| یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی: «بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی. |
|
| 25 |
|
| ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم، لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم، جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.» |
|
| 26 |
|
| ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە. |
|
| 27 |
|
| یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟ دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟ |
|
| 28 |
|
| لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات: |
|
| 29 |
|
| ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن، کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا، چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە. |
|
| 30 |
|
| هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە، ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و پاشماوەکەشت دەکوژرێت. |
|
| 31 |
|
| ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە! ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە! چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت. |
|
| 32 |
|
| چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟ «یەزدان سییۆنی دامەزراند و لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.» |
|
|
|
|