|
| 1 |
|
| سروشێک سەبارەت بە دیمەشق: «بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو. |
|
| 2 |
|
| شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و بۆ مێگەلەکان دەبن، تێیدا ڕادەکشێن، کەس نییە بیانترسێنێت. |
|
| 3 |
|
| قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و پاشایەتیش لە دیمەشق. پاشماوەی ئارام وەک شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. |
|
| 4 |
|
| «لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە، قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت. |
|
| 5 |
|
| وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە، بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە. وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت لە دۆڵی ڕفایم. |
|
| 6 |
|
| وەک تەکاندنی دار زەیتوون کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە، دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان، چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل. |
|
| 7 |
|
| لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە. |
|
| 8 |
|
| ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە کە دروستکراوی دەستی خۆین، ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات، ستوونە ئەشێراکان و قوربانگاکانی بخوور. |
|
| 9 |
|
| لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت. |
|
| 10 |
|
| خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو، تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە. لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات. |
|
| 11 |
|
| ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات، بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت. |
|
| 12 |
|
| ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر، وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت! خوڕەی نەتەوەکان وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت! |
|
| 13 |
|
| نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر، بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن، وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا. |
|
| 14 |
|
| دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە! بەرەبەیانێکی زوو نامێنن! ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە، بەختی ڕاوڕووتکارانمانە. |
|
|
|
|