|
| 1 |
|
| سروشێک سەبارەت بە دۆڵی بینین: چیتانە وا سەرکەوتوون، هەموو بۆ سەربان، |
|
| 2 |
|
| ئەی شارە بە هاتوهاوارەکە، پڕ لە دەنگەدەنگ، شارۆچکە بە شانازییەکە؟ کوژراوەکانت کوژراوی شمشێر نین و مردووی جەنگ نین. |
|
| 3 |
|
| فەرمانڕەواکانت پێکەوە هەڵاتن، بێ بەرگری بە دیل گیران. هەموو ئەوانەی گیران، پێکەوە بران بۆ زیندان، ئەوانەش کە دوور بوون و هەڵاتبوون. |
|
| 4 |
|
| لەبەر ئەوە گوتم: «وازم لێ بهێنن، بە تاڵییەوە دەگریێم، زۆرم لێ مەکەن بۆ دڵدانەوەم لەسەر وێرانبوونی گەلەکەم.» |
|
| 5 |
|
| یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دۆڵی بینین بۆ هاتوهەرا و سەرکوتکردن و سەرلێشێوان بۆ دیوار بڕین و هاوارکردن بۆ چیا. |
|
| 6 |
|
| ئیلام تیردانی هەڵگرتووە بە گالیسکە و پیادە و سوارەوە، قییریش قەڵغانی دەرخست. |
|
| 7 |
|
| جا هەڵبژاردەی دۆڵەکانت پڕ دەبێت لە گالیسکە و لە سوارەکان، ڕیزیان بەستووە ڕووەو دەروازەکە. |
|
| 8 |
|
| داپۆشینی یەهودا نامێنێت. جا لەو ڕۆژەدا دەڕوانیتە چەکەکانی کۆشکی دارستان، |
|
| 9 |
|
| کەلێنەکانی شاری داود دەبینن کە زۆر بوون و ئاوی گۆمی خوارێ کۆدەکەنەوە. |
|
| 10 |
|
| ماڵەکانی ئۆرشەلیم دەژمێرن و ماڵەکان دەڕووخێنن بۆ پتەوکردنی شووراکە. |
|
| 11 |
|
| ئەستێلێک دروستدەکەن لەنێوان دوو شووراکە، بۆ ئاوی گۆمە کۆنەکە. بەڵام نەتانڕوانییە یەزدانی دروستکەری، ئەوەی لەمێژەوە شێوەی کێشابوو نەتانبینی. |
|
| 12 |
|
| یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، لەو ڕۆژەدا بانگەوازی کرد بۆ گریان و شیوەن و سەرتاشین و پۆشینی جلوبەرگی گوش. |
|
| 13 |
|
| بەڵام ئەوەتا خۆشی و شادی، مانگا کوشتنەوە و مەڕ سەربڕین، گۆشت خواردن و شەراب خواردنەوە! «با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.» |
|
| 14 |
|
| گوێم لێگرت یەزدانی سوپاسالار بۆی ئاشکرا کردم: «کەفارەت بۆ ئەم تاوانەتان ناکرێت تاکو دەمرن،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت. |
|
| 15 |
|
| یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ بۆ لای ئەو کارگێڕە، شەڤنا ئەوەی سەرپەرشتیاری کۆشکەکەیە: |
|
| 16 |
|
| چیت هەیە لێرە و کێ ڕوخسەتی پێداویت، هەتا گۆڕێک بۆ خۆت هەڵبکەنیت، ئەی ئەوەی لە بەرزایی گۆڕی خۆتت هەڵکەندووە و بۆ خۆت لەناو تاشەبەرد ماڵت تاشیوە؟ |
|
| 17 |
|
| «ئەی پاڵەوان، ئەوەتا یەزدان خەریکە بە توندی تووڕت دەدات و بە هێزەوە لوولت دەکات، |
|
| 18 |
|
| وەک تۆپ بە توندی دەتپێچێتەوە و بەرەو خاکێکی بەرفراوان تووڕت دەدات. لەوێ دەمریت و گالیسکەکانی شکۆمەندیت لەوێ دەبێت، ئەی مایەی سووکایەتی ماڵی گەورەکەت! |
|
| 19 |
|
| لە پلەکەت دەرتدەکەم و لە پایەکەت فڕێدەدرێیتە خوارەوە. |
|
| 20 |
|
| «لەو ڕۆژەدا بانگی بەندەکەی خۆم، بانگی ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا دەکەم و |
|
| 21 |
|
| جلەکەی تۆی لەبەر دەکەم و بە کەمەربەندەکەی تۆ کەمەری توند دەکەم و دەسەڵاتی تۆ دەدەمە دەست ئەو و دەبێت بە باوک بۆ ئۆرشەلیم و بۆ بنەماڵەی یەهودا. |
|
| 22 |
|
| کلیلی ماڵی داود دەدەمە دەستی و ئەوەی ئەو دەیکاتەوە کەس ناتوانێت دایبخات و ئەوەی دایدەخات کەس ناتوانێت بیکاتەوە. |
|
| 23 |
|
| وەک سنگ دەیچەقێنم لە شوێنێکی چەسپاو و دەبێت بە تەختی شکۆمەندی بۆ بنەماڵەکەی. |
|
| 24 |
|
| هەموو شکۆمەندی بنەماڵەکەی بەوەوە هەڵدەواسن، چڵەکان و لقەکان، هەموو دەفرە بچووکەکان، لە دەفرە پەلەکانەوە هەتا دەفرە قووڵەکان.» |
|
| 25 |
|
| یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بەڵام سەردەمێک دێت سنگە چەقاوەکە لە شوێنە چەسپاوەکە نامێنێت و دەشکێت و دەکەوێت، ئەو بارگرانییەی لەسەری بوو دەبڕدرێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
|
|
|