|
| 1 |
|
| ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار، یەزدانی سوپاسالار، بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت پاڵپشتی و پشتگیری، هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو، |
|
| 2 |
|
| پاڵەوان و جەنگاوەر، دادوەر و پێغەمبەر، فاڵگرەوە و پیر، |
|
| 3 |
|
| سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان، ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو. |
|
| 4 |
|
| مێردمنداڵان دەکەم بە میریان، منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن. |
|
| 5 |
|
| گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن، هەرکەسە و لە هاوڕێکەی. مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە، چروکیش لە سەنگین. |
|
| 6 |
|
| پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت لە ماڵی باوکی و دەڵێت: «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!» |
|
| 7 |
|
| بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە: «نابم بە چارەساز، نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە. مەمکەن بە سەرۆکی گەل.» |
|
| 8 |
|
| ئۆرشەلیم شکست دەخوات و یەهوداش دەکەوێت، چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە، بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی. |
|
| 9 |
|
| دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات، وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن، نایشارنەوە. قوڕبەسەریان، چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان! |
|
| 10 |
|
| بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن. |
|
| 11 |
|
| قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت، چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت. |
|
| 12 |
|
| منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن. گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن. |
|
| 13 |
|
| یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت، هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان. |
|
| 14 |
|
| یەزدان دەست بە دادوەری دەکات، لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان: «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا، تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە. |
|
| 15 |
|
| ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و ڕووی هەژاران دەهاڕن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار. |
|
| 16 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون، گەردنیان دەرخستووە و بە چاوبازییەوە دەڕۆن، بە لارولەنجەوە دەڕۆن بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان. |
|
| 17 |
|
| لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات، یەزدان ڕووتییان دەردەخات.» |
|
| 18 |
|
| لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، |
|
| 19 |
|
| گوارە و بازن و پەچە، |
|
| 20 |
|
| سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، |
|
| 21 |
|
| ئەنگوستیلە و خەزێم، |
|
| 22 |
|
| جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و |
|
| 23 |
|
| ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان. |
|
| 24 |
|
| جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و لە جێی کەمەربەند، گوریس و لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن، نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت. |
|
| 25 |
|
| پیاوەکانتان بە شمشێر و پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون. |
|
| 26 |
|
| جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن، بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن. |
|
|
|
|