|
| 1 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق، پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە، داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن. |
|
| 2 |
|
| دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە بێ ئەوەی پرس بە من بکەن، هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون، لە سایەی میسر پەناگیر بن. |
|
| 3 |
|
| بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری. |
|
| 4 |
|
| هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن، نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس، |
|
| 5 |
|
| بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان، بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە، چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.» |
|
| 6 |
|
| سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب: لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا، ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت، مار و ماری ژەهراوی باڵدار، سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن، لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن، |
|
| 7 |
|
| چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر. لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا: «ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات». |
|
| 8 |
|
| ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و لە تۆمارێک نەخشی بکە، هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە شایەتێک بۆ هەتاهەتایە. |
|
| 9 |
|
| ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن، ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن. |
|
| 10 |
|
| بە پێشبینیکەر دەڵێن: «پێشبینی مەکە!» بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن: «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە! قسەی لووسمان بۆ بکە، خەونی تەفرەدەر ببینە! |
|
| 11 |
|
| لە ڕێگا لابدەن، ڕێچکە بەر بدەن، چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!» |
|
| 12 |
|
| لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و پشتتان پێیان بەست، |
|
| 13 |
|
| لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت، ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت. |
|
| 14 |
|
| وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت، لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.» |
|
| 15 |
|
| یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت، پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت، بەڵام نەتانویست، |
|
| 16 |
|
| گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“ لەبەر ئەوە هەڵدێن! گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“ لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن! |
|
| 17 |
|
| لە ڕووی نەڕەی یەک کەس هەزار کەس هەڵدێت، لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس هەمووتان هەڵدێن، هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.» |
|
| 18 |
|
| بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن! |
|
| 19 |
|
| ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. |
|
| 20 |
|
| هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. |
|
| 21 |
|
| کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.» |
|
| 22 |
|
| پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!» |
|
| 23 |
|
| ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. |
|
| 24 |
|
| گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. |
|
| 25 |
|
| جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. |
|
| 26 |
|
| جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات. |
|
| 27 |
|
| ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات، تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە. لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە. |
|
| 28 |
|
| هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە دەگات بە گەردن، بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان بە بێژنگی لەناوچوون و لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە. |
|
| 29 |
|
| گۆرانییەکتان بۆ دەبێت وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن، خۆشی دڵیش وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان، بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل. |
|
| 30 |
|
| یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و دابەزینی بازووی ببینرێت بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر، بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە. |
|
| 31 |
|
| ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت، بە داردەست لێدەدات. |
|
| 32 |
|
| جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری، ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت، بە دەف و قیسارەوە دەبێت و بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت. |
|
| 33 |
|
| چاڵی تۆفەت لەمێژە ڕێکخراوە، بۆ پاشا ئامادە کراوە، قووڵە، بەرینە، کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە. هەناسەی یەزدان وەک ڕووباری گۆگردە گڕی تێبەردەدات. |
|
|
|
|