|
| 1 |
|
| «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە، ئەی بابلی کچە پاکیزە. بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە، کچی بابلییەکان، چونکە چیتر پێت ناگوترێت ناسک و نازدار. |
|
| 2 |
|
| دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە، عەبات فڕێبدە، دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە، لە ڕووبارەکان بپەڕەوە. |
|
| 3 |
|
| ڕووتیت دەردەکەوێت، هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت. تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و لە کەس نابوورم.» |
|
| 4 |
|
| ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە، پیرۆزەکەی ئیسرائیلە. |
|
| 5 |
|
| «بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە، شاری شاهانەی بابلییەکان، چونکە چیتر پێت ناگوترێت شاژنی شانشینەکان. |
|
| 6 |
|
| تووڕە بووم لە گەلی خۆم و میراتی خۆمم گڵاوکرد. ئەوانم دا بە دەست تۆوە، تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت. تەنانەت لەسەر پیرەکانیش نیری خۆتت زۆر قورس کرد. |
|
| 7 |
|
| گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە دەبمە شاژن!“ بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە، بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە. |
|
| 8 |
|
| «ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی، ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی، ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”هەر خۆم و بەس! نە بێوەژن دەبم و نە سک سووتاوی دەزانم.“ |
|
| 9 |
|
| لەپڕ لە یەک ڕۆژدا ئەم دووانەت بەسەردێت، سک سووتان و بێوەژنیێتی. بە تەواوی بەسەرت دێت، سەرەڕای زۆری جادووگەری و سەرەڕای لە ڕادەبەدەر نوشتەکردنت. |
|
| 10 |
|
| پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و گوتت: ”کەس نامبینێت.“ داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا، لە دڵی خۆتدا گوتت: ”هەر خۆم و بەس.“ |
|
| 11 |
|
| خراپەیەکت بەسەردێت، سەرهەڵدانەکەی نازانیت، بەڵایەکت بەسەردێت. ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە، لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت پێی نازانیت. |
|
| 12 |
|
| «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و بە زۆری جادووگەریت، ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت، بەڵکو سوودی هەبێ بۆت، بۆ ئەوەی بیانترسێنیت! |
|
| 13 |
|
| هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت! با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە، ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن، با ئەوانە ڕزگارت بکەن لەوەی بەسەرت دێت. |
|
| 14 |
|
| ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت، ئاگر دەیانسووتێنێت. لە دەست بڵێسە فریای گیانی خۆیان ناکەون. ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە، ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە. |
|
| 15 |
|
| ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و پێیانەوە ماندوو بوویت، بەو دەردە دەچن. هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت، کەس نییە ڕزگارت بکات. |
|
|
|
|