|
| 1 |
|
| ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن: یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم، لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم. |
|
| 2 |
|
| دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ، لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە، منی کردە تیرێکی تیژکراو، لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە. |
|
| 3 |
|
| بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت، ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.» |
|
| 4 |
|
| منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم، لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت، بەڵام دادم لەلای یەزدانە و پاداشتم لای خودامە.» |
|
| 5 |
|
| ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا، بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی، تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو، جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و خوداشم دەبێتە هێزم، |
|
| 6 |
|
| ئەو دەفەرموێت: «ئەمە شتێکی کەمە بۆ تۆ کە بەندەی من بیت بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست، بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.» |
|
| 7 |
|
| یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت: بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە، بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان: «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن، میرانیش کڕنۆش دەبەن، لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.» |
|
| 8 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم، جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل، بۆ بوژاندنەوەی زەوی، بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان، |
|
| 9 |
|
| بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“ بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“ «لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن، لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن. |
|
| 10 |
|
| نە برسی دەبن و نە تینوو، نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر، چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات. |
|
| 11 |
|
| هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە. |
|
| 12 |
|
| ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.» |
|
| 13 |
|
| ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، ئەی زەوی، شادمان بە! چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە. |
|
| 14 |
|
| بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم! پەروەردگار لەبیری کردم.» |
|
| 15 |
|
| «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات، یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟ تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات، بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم. |
|
| 16 |
|
| ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن. |
|
| 17 |
|
| کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە، ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە. |
|
| 18 |
|
| چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە! هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.» یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت، وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە. |
|
| 19 |
|
| «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و خاکەکەشت ڕووخێنرا، بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان، لووشدەرانت دوور دەکەونەوە. |
|
| 20 |
|
| ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن: ”ئەم جێیە تەنگە بۆمان، جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“ |
|
| 21 |
|
| لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ ئەمانەی بۆ من بوو کە من سک سووتاو و نەزۆکم، دوورخراوە و دەربەدەرم؟ ئەی کێ بەخێوی کردن؟ ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە، ئەمانە لەکوێ بوون؟“» |
|
| 22 |
|
| یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە، بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە، جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن. |
|
| 23 |
|
| پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن، شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ، ڕوویان لە زەوی دەبێت، کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.» |
|
| 24 |
|
| ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟ ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟ |
|
| 25 |
|
| بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت، دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت. من دژایەتی دژەکانت دەکەم و من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم. |
|
| 26 |
|
| وا دەکەم ستەمکارانت گۆشتی خۆیان بخۆن و وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش بن. جا هەموو مرۆڤ دەزانێت من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم، ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.» |
|
|
|
|