|
| 1 |
|
| بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن، گوێشی گران نییە بۆ بیستن، |
|
| 2 |
|
| بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست لەنێوان ئێوە و خوداتان، گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە تاکو گوێتان لێ نەگرێت. |
|
| 3 |
|
| لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و پەنجەکانیشتان بە تاوان، لێوەکانتان بە درۆ دوان و زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە. |
|
| 4 |
|
| کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات. پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن. بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت. |
|
| 5 |
|
| هێلکەی ماریان هەڵهێنا، تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن. ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت، ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن. |
|
| 6 |
|
| تەونەکانیان نابێتە بەرگ و خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن، کردارەکانیان کرداری خراپەن و کردەوەی دەستیان ستەمە. |
|
| 7 |
|
| پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان. بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە، وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە. |
|
| 8 |
|
| ڕێگای ئاشتی پێنازانن، دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان. ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد، هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن. |
|
| 9 |
|
| لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوور کەوتەوە و ڕاستودروستی پێمان ناگات. چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت، بە هیواین ڕۆشنایی بێت، بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین. |
|
| 10 |
|
| وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین، وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین. لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین، لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین. |
|
| 11 |
|
| هەموومان وەک ورچ دەبۆڕێنین، وەک کۆتر دەگمێنین، چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە، بە هیوای ڕزگارین، بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە. |
|
| 12 |
|
| بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون، گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن. یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون، دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین: |
|
| 13 |
|
| یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان، لادان لە ڕێگای خودای خۆمان، هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە، دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن. |
|
| 14 |
|
| دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت. ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتووە و ڕێگا نادرێت ڕاستگۆیی بێتە ژوورەوە. |
|
| 15 |
|
| ڕاستی ون بووە و ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر. یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو کە دادپەروەری نەبوو. |
|
| 16 |
|
| بینی کەس نەبوو، سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو. بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین، ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد. |
|
| 17 |
|
| ڕاستودروستی وەک زرێ لەبەرکرد و کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری، بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد، دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا. |
|
| 18 |
|
| بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت، سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات، بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات. |
|
| 19 |
|
| خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی، چونکە یەزدان وەک لافاو دێت، بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت. |
|
| 20 |
|
| «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن، بۆ لای ئەوانە لە نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 21 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،» یەزدان دەفەرموێت. |
|
|
|
|