|
| 1 |
|
| ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت بە بەرگی سوور لە بۆزراوە، ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟ «منم، بە ڕاستودروستی دەدوێم مەزنم بۆ ڕزگاری.» |
|
| 2 |
|
| بۆچی بەرگت سوورە و بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟ |
|
| 3 |
|
| «کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو بە تەنها گوشەرم پەستەوە. لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە، بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان. جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و هەموو جلەکەم لەکەدار بوو. |
|
| 4 |
|
| ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و ساڵی کڕینەوەی گەلم هات. |
|
| 5 |
|
| تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو، سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو، بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد، هەڵچوونم پشتگیری کردم. |
|
| 6 |
|
| بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە، بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن، خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.» |
|
| 7 |
|
| باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم، کارەکانی کە شایستەی ستایشن، بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی. باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی. |
|
| 8 |
|
| فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن، کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،» جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر. |
|
| 9 |
|
| لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن. |
|
| 10 |
|
| بەڵام ئەوان یاخی بوون و ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد، جا لێیان بوو بە دوژمن و لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە. |
|
| 11 |
|
| ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە، ڕۆژانی موسا و گەلەکەی. کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟ کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی لەنێویان دانا؟ |
|
| 12 |
|
| کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد، ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد، بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات، |
|
| 13 |
|
| ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟ وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا، |
|
| 14 |
|
| وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی، ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان. ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت. |
|
| 15 |
|
| لە ئاسمانەوە تەماشا بکە، لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە، کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟ ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی. |
|
| 16 |
|
| بەڵام تۆ باوکی ئێمەی، ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت. ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت، لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە. |
|
| 17 |
|
| ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین، بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟ بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت، هۆزەکانی میراتەکەت. |
|
| 18 |
|
| بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون، بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد. |
|
| 19 |
|
| ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین، ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە، وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین. |
|
|
|
|