|
| 1 |
|
| ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت. |
|
| 2 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن، هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن. |
|
| 3 |
|
| نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات، |
|
| 4 |
|
| بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن. |
|
| 5 |
|
| وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین، هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.» |
|
| 6 |
|
| ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە، تۆ مەزنیت، لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە. |
|
| 7 |
|
| کێ لێت ناترسێت، ئەی پاشای نەتەوەکان؟ چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە. لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و لە هەموو شانشینەکانیان، کەس هاوتای تۆ نییە. |
|
| 8 |
|
| تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون، شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن. |
|
| 9 |
|
| زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و زێڕ لە ئوفازەوە. دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە، بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە، هەمووی دەستکردی وەستایانن. |
|
| 10 |
|
| بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن. |
|
| 11 |
|
| «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“» |
|
| 12 |
|
| بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە. |
|
| 13 |
|
| کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت. |
|
| 14 |
|
| هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە. |
|
| 15 |
|
| ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن. |
|
| 16 |
|
| بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە. |
|
| 17 |
|
| لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە، ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە! |
|
| 18 |
|
| لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە دەردەکەمە دەرەوە، تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.» |
|
| 19 |
|
| وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم! برینەکەم بێ چارەیە! بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و دەبێ بەرگەی بگرم.» |
|
| 20 |
|
| چادرەکەم تێکدراوە، هەموو گوریسەکانی پساون. کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون، ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت. |
|
| 21 |
|
| شوانەکان دەبەنگ بوون و داوای یەزدانیان نەکرد، لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو. |
|
| 22 |
|
| گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت، هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە، تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن، بکرێنە داڵدەی چەقەڵ. |
|
| 23 |
|
| ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە، کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات. |
|
| 24 |
|
| ئەی یەزدان، تەمبێم بکە، بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت، نەوەک لەناوم ببەیت. |
|
| 25 |
|
| تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە دانت پێدا نانێن و بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن، چونکە یاقوبیان خوارد، بە تەواوی خواردیان و نشینگەکەیان وێران کرد. |
|
|
|
|