|
| 1 |
|
| ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە: |
|
| 2 |
|
| «یەهودا شیوەن دەگێڕێت و شارەکانی دادەڕزێن، بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن، هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە. |
|
| 3 |
|
| گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد، هاتنە سەر ئەمباراوەکان، بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە. بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە، شەرمەزار و ڕیسوا بوون، سەری خۆیان شۆڕکرد. |
|
| 4 |
|
| لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە، چونکە باران لە زەوییەکە نەباری، جوتیاران شەرمەزاربوون، سەری خۆیان شۆڕکرد. |
|
| 5 |
|
| تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا، چونکە گیا نەبوو. |
|
| 6 |
|
| کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان، وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی، چاویان شل بوو، چونکە گیاوگۆڵ نییە.» |
|
| 7 |
|
| لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن، ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە، چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون، دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. |
|
| 8 |
|
| ئەی هیوای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە، بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت، وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟ |
|
| 9 |
|
| بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت، وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟ ئەی یەزدان، تۆ لە ناوەڕاستمانی و ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین، بەجێمان مەهێڵە! |
|
| 10 |
|
| یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت: «بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد، خۆیان لێ نەپاراست. جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن، ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.» |
|
| 11 |
|
| هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە. |
|
| 12 |
|
| هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.» |
|
| 13 |
|
| منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“» |
|
| 14 |
|
| یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.» |
|
| 15 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن. |
|
| 16 |
|
| ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم. |
|
| 17 |
|
| «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت: «”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان، چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم، برینێکی ترسناکی هەیە، لێدانێکی جەرگبڕ. |
|
| 18 |
|
| ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە، بە شمشێر کوژراوان دەبینم. ئەگەر بێمە ناو شار، نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم، چونکە پێغەمبەر و کاهینیش بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“» |
|
| 19 |
|
| «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟ ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟ بۆچی وا تووشی بەڵات کردین کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟ چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەهات، هەروەها کاتی چاکبوونەوە، بەڵام ئەوەتا ترس. |
|
| 20 |
|
| ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و تاوانی باوباپیرانمان، گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد. |
|
| 21 |
|
| لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە، تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە، پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە، مەیشکێنە. |
|
| 22 |
|
| ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟ یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟ ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟ جا هیوامان بە تۆیە، چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.» |
|
|
|
|