|
| 1 |
|
| کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد، |
|
| 2 |
|
| لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە. |
|
| 3 |
|
| بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ ، |
|
| 4 |
|
| چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر. |
|
| 5 |
|
| هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل. |
|
| 6 |
|
| تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“» |
|
| 7 |
|
| ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام، تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی. بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن، هەموو گاڵتەم پێ دەکەن. |
|
| 8 |
|
| هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم، جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم، چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام، گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ. |
|
| 9 |
|
| بەڵام ئەگەر بڵێم: «باسی ناکەم، ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،» جا وشەکەی لە دڵمدا وەک ئاگرێکی داگیرساو دەبێت، وەک ئاگرێکی پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم، بێزار دەبم لە دامرکاندنەوەی و ناتوانم بێدەنگ بم. |
|
| 10 |
|
| گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە: «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە! خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!» هەموو هاوڕێیەکانم چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن: «بەڵکو فریوبخوات، ئینجا دەرەقەتی دێین و تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.» |
|
| 11 |
|
| بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە، لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن، سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن، شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت. |
|
| 12 |
|
| ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و ناخ و دڵ دەپشکنیت، با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم، چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد. |
|
| 13 |
|
| گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن! ستایشی یەزدان بکەن! چونکە هەژار ڕزگار دەکات لە دەستی بەدکاران. |
|
| 14 |
|
| نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم! با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو! |
|
| 15 |
|
| نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم، زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی: «کوڕێکت بوو!» |
|
| 16 |
|
| با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد. با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت، نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ، |
|
| 17 |
|
| چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم، جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو. |
|
| 18 |
|
| بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟ ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟ ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟ |
|
|
|
|