|
| 1 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە، بگەڕێوە لای من. ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی، گومڕا نابیت، |
|
| 2 |
|
| ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و شانازی بەوەوە دەکەن.» |
|
| 3 |
|
| یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت: «زەوی بەیارتان بکێڵن و لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن. |
|
| 4 |
|
| ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە بکەن، دڵتان خەتەنە بکەن، نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت، لەبەر خراپی کردەوەکانتان، بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.» |
|
| 5 |
|
| «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن: ”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“ بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“ |
|
| 6 |
|
| ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن! خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن! چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم، تێکشکانێکی گەورە.» |
|
| 7 |
|
| شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە، تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت. لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات. شارۆچکەکانت کاول دەبن بێ ئاوەدانی دەبن. |
|
| 8 |
|
| لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش لەبەر بکەن، لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان هێشتا دانەمرکاوەتەوە. |
|
| 9 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا، پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن، کاهینەکان دەحەپەسێن و پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.» |
|
| 10 |
|
| جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.» |
|
| 11 |
|
| لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، |
|
| 12 |
|
| بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.» |
|
| 13 |
|
| تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت، گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە، ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن. قوڕبەسەرمان، وێران کراین! |
|
| 14 |
|
| ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت. هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟ |
|
| 15 |
|
| دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت، کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت. |
|
| 16 |
|
| «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە، با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن: ”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن، بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە. |
|
| 17 |
|
| لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە، چونکە لە من یاخی بوون.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 18 |
|
| «ڕەفتار و کردەوەکانت ئەمەیان پێکردیت، ئەمە سزاکەتە، چەند تاڵە! چونکە گەیشتە دڵت.» |
|
| 19 |
|
| ئەی ئازارم، ئەی ئازارم! من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە. دڵم ژان دەکات! دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم، چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو. |
|
| 20 |
|
| کارەسات لەدوای کارەسات دێت، هەموو خاکەکە وێران بوو. لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون، لە چرکەیەکدا پەناگاکانم. |
|
| 21 |
|
| هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟ |
|
| 22 |
|
| «گەلەکەم گێلە و من ناناسێت. ئەوان کوڕی دەبەنگن، ئەوان تێنەگەیشتوون، ئەوان دانان بۆ کاری خراپە، بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.» |
|
| 23 |
|
| تەماشای زەویم کرد، بێ شێوە و بەتاڵ بوو، بەرەو ئاسمانیش، ڕووناکییەکەی نەمابوو. |
|
| 24 |
|
| تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان، هەموو گردەکانیش لەق بوون. |
|
| 25 |
|
| تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو، باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون، |
|
| 26 |
|
| تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی. |
|
| 27 |
|
| سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت: «هەموو زەوی وێران دەبێت، بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم. |
|
| 28 |
|
| لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت، ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت، لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە، بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.» |
|
| 29 |
|
| لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد. هەندێک چوونە ناو دارستانەکان، هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان. هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون، هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە. |
|
| 30 |
|
| تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟ بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟ بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟ بێهوودە خۆت جوان دەکەیت، لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی، ئەوان داوای گیانت دەکەن. |
|
| 31 |
|
| هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو، لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت. دەنگی سییۆنی کچ هەنسک دەدات، دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت: «وەی لە من! دەبوورێمەوە، گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!» |
|
|
|
|