|
| 1 |
|
| بۆ مۆئاب: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت، قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت، قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت. |
|
| 2 |
|
| شانازی مۆئاب نامێنێت، لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا، ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“ هەروەها تۆش ئەی مەدمێن کپ دەبیت، شمشێر دوات دەکەوێت. |
|
| 3 |
|
| گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت، هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە. |
|
| 4 |
|
| مۆئاب تێکدەشکێت، بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە. |
|
| 5 |
|
| سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت، بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن، لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم هاواری شکست دەبیسترێت. |
|
| 6 |
|
| هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن! ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی. |
|
| 7 |
|
| لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت، تۆش دەگیرێیت، کەمۆش ڕاپێچ دەکرێت، کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە. |
|
| 8 |
|
| وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت، هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت. دۆڵ لەناودەچێت، دەشت وێران دەبێت، وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی. |
|
| 9 |
|
| خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن، چونکە دەبێتە چۆڵەوانی. شارۆچکەکانی وێران دەبن، بەبێ ئاوەدانی دەبن. |
|
| 10 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات! نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت! |
|
| 11 |
|
| «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە، ڕاپێچیش نەکراوە، وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە، لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە، لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و بۆنیشی نەگۆڕاوە. |
|
| 12 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن، ئەوان دەیڕێژن و دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و گۆزەکانی وردوخاش دەکەن. |
|
| 13 |
|
| جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت، هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێتئێل بوون کە پشتیان پێی بەستبوو. |
|
| 14 |
|
| «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟ |
|
| 15 |
|
| مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت، باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.» ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە. |
|
| 16 |
|
| «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە، بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت. |
|
| 17 |
|
| ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە، ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن، بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا، شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“ |
|
| 18 |
|
| «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و لەسەر زەوی وشک دابنیشە، ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن، چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب دێتە سەر ئێوە، شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات. |
|
| 19 |
|
| ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر، لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن. لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن، بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“ |
|
| 20 |
|
| مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا. واوەیلا بکە و هاوار بکە! لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن کە مۆئاب تەفروتونا بووە. |
|
| 21 |
|
| حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات، بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت، |
|
| 22 |
|
| بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێتدیڤلاتایم، |
|
| 23 |
|
| بەسەر قیریاتەیم و بێتگاموول و بێتمەعۆن، |
|
| 24 |
|
| بەسەر قەریۆت و بۆزرا، بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان. |
|
| 25 |
|
| هێزی مۆئاب بڕایەوە، بازووی شکا.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 26 |
|
| «سەرخۆشی بکەن، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت، ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی. |
|
| 27 |
|
| ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟ ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا، هەر کاتێک باست دەکرد، سەرت دەلەقاند؟ |
|
| 28 |
|
| ئەی دانیشتووانی مۆئاب، شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن. وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات. |
|
| 29 |
|
| «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە، زۆر لووتبەرزە، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە. |
|
| 30 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە. کردارە پووچەکانی بێ سوودن. |
|
| 31 |
|
| لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم، بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم، بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە. |
|
| 32 |
|
| ئەی مێوی سیڤما، وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم. لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە، گەیشتنە دەریای یەعزێر. تەفروتوناکەر کەوتە سەر میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت. |
|
| 33 |
|
| خۆشی و دڵشادی داماڵران لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب. شەرابم لە گوشەر ڕاگرت، بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت، ئەگەر هاوارکردن هەبێت، لە خۆشیدا هاوار ناکەن. |
|
| 34 |
|
| «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە، لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ، لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا، چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت. |
|
| 35 |
|
| لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 36 |
|
| «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت، دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت، چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو. |
|
| 37 |
|
| هەموو سەرێک تاشراوە و هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە، هەموو دەستێک بریندار کراوە و هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە. |
|
| 38 |
|
| لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و لە هەموو شەقامەکانی جگە لە گریان هیچی دیکە نییە، چونکە مۆئابم شکاند، وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 39 |
|
| «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن! چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا! مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.» |
|
| 40 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت، بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە. |
|
| 41 |
|
| قەریۆت دەگیرێت و قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت. لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت. |
|
| 42 |
|
| مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. |
|
| 43 |
|
| ئەی دانیشتووی مۆئاب، ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 44 |
|
| «ئەوەی لە ترس هەڵدێت دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە، ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت، چونکە ساڵی سزادان بەسەر مۆئابدا دەهێنم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 45 |
|
| «لە سێبەری حەشبۆن هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون، چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو، گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە، ناوچەوانی مۆئاب و کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات. |
|
| 46 |
|
| قوڕبەسەرت مۆئاب! خەڵکی کەمۆش لەناوچوو، کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و کچەکانت بە دیل بردران. |
|
| 47 |
|
| «بەڵام لە ئاییندەدا، ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە. |
|
|
|
|