|
| 1 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر دەوروژێنم لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای. |
|
| 2 |
|
| بێگانەکان دەنێرمە بابل بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی، لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن لە ڕۆژی بەڵای ئەودا. |
|
| 3 |
|
| ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت، ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت. دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن، بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن. |
|
| 4 |
|
| کوژراوان لە بابل دەکەون، بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی، |
|
| 5 |
|
| چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە، هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل. |
|
| 6 |
|
| «لە بابلەوە هەڵێن! هەرکەسێک با خۆی دەرباز بکات! بە تاوانی ئەو لەناونەچن، چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان، ئەو سزای شایستەی دەدات. |
|
| 7 |
|
| بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە، هەموو زەوی سەرخۆش کرد. نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە، لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون. |
|
| 8 |
|
| لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت. واوەیلای بۆ بکەن! هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن، بەڵکو چاک بێتەوە. |
|
| 9 |
|
| «”بابلمان تیمار کرد، بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە. وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان، چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان، هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“ |
|
| 10 |
|
| «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست، وەرن با لە سییۆن باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“ |
|
| 11 |
|
| «تیرەکان تیژ بکەن، قەڵغانەکان هەڵبگرن! یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە، چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت. یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە، تۆڵەی پەرستگاکەی. |
|
| 12 |
|
| لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن! پاسەوانیێتی توند بکەن، چاودێر دابنێن، بۆسە بنێنەوە! خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی، بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل. |
|
| 13 |
|
| ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان، خاوەن گەنجینەی زۆر، کۆتاییت هات، کاتی لەناوچوونت.» |
|
| 14 |
|
| یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد: «بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە سەرباز، وەک ڕەوە کوللە، هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.» |
|
| 15 |
|
| «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە. |
|
| 16 |
|
| کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت. |
|
| 17 |
|
| «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە. |
|
| 18 |
|
| ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن. |
|
| 19 |
|
| بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە. |
|
| 20 |
|
| «تۆ گورزی منی، چەکەکانی جەنگی منی، بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم، بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم، |
|
| 21 |
|
| بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم، |
|
| 22 |
|
| بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم، بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم، بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم، |
|
| 23 |
|
| بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم، بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم. |
|
| 24 |
|
| «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی بابل دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 25 |
|
| «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم، تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «دەست درێژ دەکەمە سەرت، لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە، دەتکەمە کێوێکی سووتاو. |
|
| 26 |
|
| ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک ، نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان، چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 27 |
|
| «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە، لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن. نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن، ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن: ئارارات و مینی و ئەشکەنەز، ڕابەرێک لە دژی دابنێن، وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن. |
|
| 28 |
|
| نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن، پاشاکانی ماد، پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان. |
|
| 29 |
|
| ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت، چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی، بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات، ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت. |
|
| 30 |
|
| پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا، لە قەڵاکان دانیشتن. هێزیان لەبەر بڕا، وەک ژنیان لێهات. نشینگەکانیان سووتێنرا، شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا. |
|
| 31 |
|
| نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە، بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون، |
|
| 32 |
|
| ڕووبارەکان دەستیان بەسەردا گیرا، زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران، جەنگاوەرەکان تۆقین.» |
|
| 33 |
|
| یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «شاری بابل وەک جۆخینێکە کاتی گێرەیەتی، پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.» |
|
| 34 |
|
| «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد، ئومێدبڕی کردین، ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ. وەک ئەژدیها هەڵیلووشین، سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە، ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.» |
|
| 35 |
|
| دانیشتووانەکەی سییۆن دەڵێن: «ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.» ئۆرشەلیم دەڵێت: «خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلە.» |
|
| 36 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم، تۆڵەی تۆ دەکەمەوە، دەریاکەی وشک دەکەم، کانییەکانی کوێر دەکەمەوە. |
|
| 37 |
|
| بابل دەبێتە تەپۆڵکە و داڵدەی چەقەڵ، پەند و مایەی تانە و تەشەر، شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە. |
|
| 38 |
|
| پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن، وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن. |
|
| 39 |
|
| کاتێک گەرم دەبن، داوەتیان دەکەم و سەرخۆشیان دەکەم، بۆ ئەوەی دڵخۆش بن، ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 40 |
|
| «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین وەک بەران و نێری. |
|
| 41 |
|
| «شێشەخ چۆن دەگیرێت، شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت! چۆن وێران بوو، بابل لەنێو نەتەوەکان! |
|
| 42 |
|
| دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت، بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت. |
|
| 43 |
|
| شارۆچکەکانی وێران بوون، بوونە بیابان و دەشتی ڕووت، خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت. |
|
| 44 |
|
| لە بابل سزای بێل دەدەم و ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە. ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن، هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت. |
|
| 45 |
|
| «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە! هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات! |
|
| 46 |
|
| ورە بەرمەدەن و مەترسن، کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن، هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە، هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا. |
|
| 47 |
|
| لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت سزای بتەکانی بابل دەدەم، هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و کوژراوەکانی لە ناوەڕاستی دەکەون. |
|
| 48 |
|
| ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن، چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن، تەفروتوناکەرەکان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 49 |
|
| «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت، وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی بەهۆی بابلەوە کەوتن. |
|
| 50 |
|
| ئەی دەربازبووان لە شمشێر، بڕۆن و مەوەستن! لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە، بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.» |
|
| 51 |
|
| «شەرمەزار بووین، چونکە ڕیسوا بووین و شەرم ڕووی داپۆشین، چونکە بێگانەکان هاتنە ناو پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.» |
|
| 52 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بتەکانی سزا دەدەم، لە هەموو خاکەکەیدا بریندارەکان دەناڵێنن. |
|
| 53 |
|
| تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش، ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات، تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 54 |
|
| «دەنگی هاوار دێت لە بابل، دەنگی شکستێکی گەورە لە خاکی بابلییەکان. |
|
| 55 |
|
| یەزدان بابل تەفروتونا دەکات، کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت. شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت، دەنگیان هاژەی دێت. |
|
| 56 |
|
| تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل، پاڵەوانەکانی دەگیرێن، کەوانەکانیان دەشکێنرێت، چونکە یەزدان خودای سزادانە، بە تەواوی سزا دەدات. |
|
| 57 |
|
| میر و دانا و پارێزگار و فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم، هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی ئەو پاشایەیە کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە. |
|
| 58 |
|
| یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن، دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن. گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.» |
|
| 59 |
|
| ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل. |
|
| 60 |
|
| هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک، |
|
| 61 |
|
| بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە، |
|
| 62 |
|
| ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“ |
|
| 63 |
|
| کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات. |
|
| 64 |
|
| ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“» هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە. |
|
|
|
|