|
| 1 |
|
| لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 2 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا. |
|
| 3 |
|
| پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ، دایبنێ و ئاوی تێ بکە. |
|
| 4 |
|
| پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە، هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان، پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە. |
|
| 5 |
|
| باشترین مەڕی مێگەل ببە و دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە، بە تەواوی بیکوڵێنە، با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن. |
|
| 6 |
|
| «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە، ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە، ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو! پارچەپارچە دەریبهێنن، تیروپشکی لەسەر مەکەن. |
|
| 7 |
|
| «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە، چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە، نەیڕشتە سەر زەوی، تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت. |
|
| 8 |
|
| بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا، تاکو دانەپۆشرێت. |
|
| 9 |
|
| «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە! هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم. |
|
| 10 |
|
| دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە، گۆشتەکە پێ بگەیەنە، بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە، لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت. |
|
| 11 |
|
| دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ، با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت، جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و ژەنگەکەی نامێنێت. |
|
| 12 |
|
| ڕەنجیان بە خەسار چوو، ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا، تەنانەت بە ئاگریش. |
|
| 13 |
|
| «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە. |
|
| 14 |
|
| «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“» |
|
| 15 |
|
| فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 16 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە. |
|
| 17 |
|
| بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.» |
|
| 18 |
|
| بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. |
|
| 19 |
|
| ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟» |
|
| 20 |
|
| منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 21 |
|
| لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن. |
|
| 22 |
|
| من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن. |
|
| 23 |
|
| مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە. |
|
| 24 |
|
| حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“ |
|
| 25 |
|
| «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە، |
|
| 26 |
|
| هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک. |
|
| 27 |
|
| لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.» |
|
|
|
|