|
| 1 |
|
| فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 2 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. |
|
| 3 |
|
| بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سور، تۆ گوتت ’من تەواو جوانم.‘ |
|
| 4 |
|
| سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان، بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد. |
|
| 5 |
|
| هەموو تەختە دارەکانیان لە دار سنەوبەری سنیر بۆت دروستکرد. لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن. |
|
| 6 |
|
| لە دار بەڕووەکانی باشان سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد. تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون، بە عاج ڕازاوەن. |
|
| 7 |
|
| کەتانی نەخشێنراوی میسر چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا. قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە چەترت بوون. |
|
| 8 |
|
| خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد سەوڵیان بۆ لێدەدایت. ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون، ئەوان کەشتیوانت بوون. |
|
| 9 |
|
| پیرانی جوبەیل و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون، کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە. هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت، بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت. |
|
| 10 |
|
| «”پیاوانی فارس و لوود و پووت لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون، قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی. |
|
| 11 |
|
| نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون، گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون، قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد. |
|
| 12 |
|
| «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 13 |
|
| «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 14 |
|
| «”دانیشتووانی بێتتۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 15 |
|
| «”خەڵکی ڕودس بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت. |
|
| 16 |
|
| «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە، قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین ، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 17 |
|
| «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 18 |
|
| «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 19 |
|
| «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 20 |
|
| «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون. |
|
| 21 |
|
| «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت. |
|
| 22 |
|
| «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد. |
|
| 23 |
|
| «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. |
|
| 24 |
|
| ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت. |
|
| 25 |
|
| «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن. لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت. |
|
| 26 |
|
| ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن، بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت. |
|
| 27 |
|
| سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت، کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت، ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان، هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن، لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە. |
|
| 28 |
|
| لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت کەنارەکان دەلەرزن. |
|
| 29 |
|
| هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا، لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و لەسەر کەنار ڕادەوەستن، |
|
| 30 |
|
| دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و بە تاڵییەوە دەقیژێنن، خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن. |
|
| 31 |
|
| بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و جلوبەرگی گوش دەپۆشن. بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ بۆت دەگریێن. |
|
| 32 |
|
| لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە، بۆت دەلاوێننەوە: ’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا بێدەنگی نواند؟‘ |
|
| 33 |
|
| کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە، گەلانێکی زۆرت تێر کرد. بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد. |
|
| 34 |
|
| کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت لەناو قووڵایی ئاوەکان، کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت لەگەڵت نوقوم بوون. |
|
| 35 |
|
| هەموو دانیشتووانی کەنارەکان واقیان لێت وڕدەمێنێت، پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت، ڕوخساریان دەشێوێت. |
|
| 36 |
|
| بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن، کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“» |
|
|
|
|