|
| 1 |
|
| لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 2 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە. |
|
| 3 |
|
| قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم، ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل، ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘ |
|
| 4 |
|
| قولاپ لە شەویلگەت دەکەم، ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم. بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون، لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم. |
|
| 5 |
|
| لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم، خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت. لە دەشتودەر دەمریت، نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە. تۆ دەکەمە خۆراکی گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان. |
|
| 6 |
|
| ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم. «”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. |
|
| 7 |
|
| کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند. |
|
| 8 |
|
| «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم. |
|
| 9 |
|
| خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم. «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘ |
|
| 10 |
|
| لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش. |
|
| 11 |
|
| نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. |
|
| 12 |
|
| خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. |
|
| 13 |
|
| «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون. |
|
| 14 |
|
| ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر ، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ. |
|
| 15 |
|
| بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن. |
|
| 16 |
|
| لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“» |
|
| 17 |
|
| لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 18 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت. |
|
| 19 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی. |
|
| 20 |
|
| خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. |
|
| 21 |
|
| «لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.» |
|
|
|
|