|
| 1 |
|
| فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 2 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”واوەیلا بکەن، ’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘ |
|
| 3 |
|
| چونکە ڕۆژەکە نزیکە، ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە، ڕۆژێکی بە هەورە، کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت. |
|
| 4 |
|
| شمشێرێک دێتە سەر میسر، ترس دێتە سەر کوش. کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون، سامانەکەی دەبردرێت و بناغەکانی دەڕووخێنرێت. |
|
| 5 |
|
| کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون. |
|
| 6 |
|
| «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی، خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. |
|
| 7 |
|
| «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن، شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن. |
|
| 8 |
|
| بەوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن. |
|
| 9 |
|
| «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت. |
|
| 10 |
|
| «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم، بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل. |
|
| 11 |
|
| ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن، جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن، خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو. |
|
| 12 |
|
| چەمەکانی نیل وشک دەکەم و خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران، بە دەستی بێگانان خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. |
|
| 13 |
|
| «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”بتەکان لەناودەبەم و کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم، لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت، ترس دەخەمە سەر خاکی میسر. |
|
| 14 |
|
| پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و لە شاری تیب سزا دەسەپێنم. |
|
| 15 |
|
| تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم، قەڵاکەی میسر، ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم. |
|
| 16 |
|
| ئاگر لە میسر بەردەدەم، پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات. تیب تەفروتونا دەبێت، مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت. |
|
| 17 |
|
| گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت بە شمشێر دەکوژرێن، ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن. |
|
| 18 |
|
| لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت کاتێک نیرەکانی میسر دەشکێنم، شانازی هێزی نامێنێت. هەورێک میسر دادەپۆشێت، شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن. |
|
| 19 |
|
| لە میسر سزا دەسەپێنم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“» |
|
| 20 |
|
| لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
|
| 21 |
|
| «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە. |
|
| 22 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە. |
|
| 23 |
|
| میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. |
|
| 24 |
|
| هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە. |
|
| 25 |
|
| بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت. |
|
| 26 |
|
| میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.» |
|
|
|
|