|
| 1 |
|
| ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو، بۆ خۆی بەری دەگرت. بەپێی زۆری بەروبوومەکەی، قوربانگای زۆر کرد. بەپێی باشی خاکەکەی، بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد. |
|
| 2 |
|
| دڵیان فریودەر بوو، ئێستا سزا دەدرێن. یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت، بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات. |
|
| 3 |
|
| لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە، چونکە لە یەزدان نەترساین، ئەگەر پاشاشمان هەبێت، چیمان بۆ دەکات؟» |
|
| 4 |
|
| بە سوێندی درۆ قسە دەکەن، پەیمان دەبەستن، ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت. |
|
| 5 |
|
| خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە لەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێتئاڤنە. گەلەکەی و کاهینە بتپەرستەکانیشی لەبەر شکۆمەندییەکەی ئاهەنگیان دەگێڕا، بەڵام لە داهاتوودا شینی بۆ دەگێڕن، چونکە بۆ ڕاپێچ لێیان وەرگیراوە. |
|
| 6 |
|
| ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت، وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز. ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت. |
|
| 7 |
|
| سامیرە و پاشاکەی لەناودەچن، وەک چیلکە دار بەسەر ڕووی ئاوەوە دوور دەکەونەوە. |
|
| 8 |
|
| نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری وێران دەبن، کە گوناهی ئیسرائیلن، دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن. ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!» |
|
| 9 |
|
| «ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد، لەوێدا وەستان، لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟ |
|
| 10 |
|
| کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم، گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن، کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن. |
|
| 11 |
|
| ئەفرایم گوێرەکەیەکی ڕاهێنراوە حەز لە گێرەکردن دەکات. لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی، سوار دەخەمە سەر ئەفرایم، یەهودا دەیکێڵێت، یاقوبیش خەرتەی دەکات. |
|
| 12 |
|
| ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە. بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن، چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت. |
|
| 13 |
|
| بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و بەدڕەفتاریتان دوورییەوە، بەروبوومی درۆتان خوارد، چونکە پشتت بە هێزی خۆت و بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست، |
|
| 14 |
|
| چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە. هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن، وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێتئەربێلی تێکدا، دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران. |
|
| 15 |
|
| ئەی بێتئێل، ئاواتان پێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە. لە بەرەبەیاندا، پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت. |
|
|
|
|