|
| 1 |
|
| کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو، ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو، بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد. |
|
| 2 |
|
| ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن، لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن، بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان، هەمووی دەستکردی وەستایە. دەربارەیان دەڵێن: «ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی، بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!» |
|
| 3 |
|
| لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات، وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە، وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە. |
|
| 4 |
|
| «بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم، ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت. جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت، جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە. |
|
| 5 |
|
| من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد، لە زەوی تینووێتی. |
|
| 6 |
|
| کاتێک لە لەوەڕ تێربوون، کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو، لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد. |
|
| 7 |
|
| جا وەک شێر دەبم بۆیان، وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم. |
|
| 8 |
|
| وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و پەردەی دڵیان دەدڕێنم. وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم، ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن. |
|
| 9 |
|
| «ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت، چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت. |
|
| 10 |
|
| ئێستا کوا پاشاکەت؟ تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات، کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت: ”پاشا و میرم بدەرێ“؟ |
|
| 11 |
|
| لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و لە هەڵچوونمدا بردمەوە. |
|
| 12 |
|
| تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون، گوناهەکانیشی تۆمارکراون. |
|
| 13 |
|
| ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت، بەڵام منداڵێکی نەفامە، چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە. |
|
| 14 |
|
| «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم، لە مردن دەیانکڕمەوە. ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟ ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟ «میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە، |
|
| 15 |
|
| هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو. بایەکی ڕۆژهەڵات دێت، بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات، ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت. گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی تاڵان دەکرێت. |
|
| 16 |
|
| خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن، چونکە لە خودای خۆیان یاخی بوون، بە شمشێر دەکوژرێن و منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن، سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.» |
|
|
|
|