|
| 1 |
|
| لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن، چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە. |
|
| 2 |
|
| ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە. وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت، سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت، لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە، لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە. |
|
| 3 |
|
| لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت. لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە، لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە، هیچ لێیان دەرباز نابێت. |
|
| 4 |
|
| دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە، وەک سوار غار دەدەن. |
|
| 5 |
|
| وەک دەنگی گالیسکە لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن، وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت، وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ. |
|
| 6 |
|
| لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە، هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت. |
|
| 7 |
|
| وەک پاڵەوان هێرش دەبەن، وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن. هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن. |
|
| 8 |
|
| تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات، بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن، بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن. |
|
| 9 |
|
| بەناو شارەکەدا غار دەدەن، بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن، سەردەکەونە سەر ماڵەکان، وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە. |
|
| 10 |
|
| لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت، ئاسمان دەهەژێت، خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن. |
|
| 11 |
|
| یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە لەپێش سوپاکەیەوە، سەربازەکانی زۆر زۆرن، ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن. ڕۆژی یەزدان گەورەیە، زۆر سامناکە. کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟ |
|
| 12 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا، بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام، بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.» |
|
| 13 |
|
| دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان، بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە، لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە. |
|
| 14 |
|
| کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە، لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت، بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. |
|
| 15 |
|
| لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن. |
|
| 16 |
|
| گەل کۆبکەنەوە و کۆمەڵ تەرخان بکەن، پیران خڕبکەنەوە و منداڵان کۆبکەنەوە لەگەڵ شیرەخۆرەکان. با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە، بووکیش لە کوللەکەی. |
|
| 17 |
|
| با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان، لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن. با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت، میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر، هەتا گەلان بیانکەنە پەند. بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“» |
|
| 18 |
|
| ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە. |
|
| 19 |
|
| یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت: «دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم، هەتا ئەوەی لێی تێردەبن، ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان. |
|
| 20 |
|
| «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە، دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران، ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە و پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە ، بۆگەنییەکەی سەرکەوت و بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.» بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە. |
|
| 21 |
|
| ئەی زەوی مەترسە! شاد و دڵخۆش بە، چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە. |
|
| 22 |
|
| ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن، چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن، درەختەکان بەر دەگرن، دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن. |
|
| 23 |
|
| ئەی نەوەی سییۆن، شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان. پاییزە باران و بەهارە باران هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت. |
|
| 24 |
|
| ئیتر جۆخینەکان پڕ دەبن لە دانەوێڵە و قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت. |
|
| 25 |
|
| «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان، پێکوڕە و وردە کوللە و کوللەی قرتێنەر، لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان. |
|
| 26 |
|
| ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن، ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن، ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن، بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت. |
|
| 27 |
|
| ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم، کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە. بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت. |
|
| 28 |
|
| «پاش ئەمانە، ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت. |
|
| 29 |
|
| تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم. |
|
| 30 |
|
| پەرجوو لە ئاسمان و زەویدا نیشان دەدەم، خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ. |
|
| 31 |
|
| خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت. |
|
| 32 |
|
| بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت، چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی، ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم دەبێت، بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە، ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون. |
|
|
|
|