|
| 1 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند هەتا ئەوەی بووە گەچ، |
|
| 2 |
|
| هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب، قەڵاکانی قەریۆت دەخوات. مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت، لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا. |
|
| 3 |
|
| فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 4 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا، چونکە درۆکانیان فریوی دان ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن، |
|
| 5 |
|
| هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا، قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.» |
|
| 6 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن، نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو. |
|
| 7 |
|
| سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن، ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە. پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن، تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن. |
|
| 8 |
|
| لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە لە پاڵ هەموو قوربانگایەک، شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە لەناو ماڵی خوداوەندیان. |
|
| 9 |
|
| «من بووم کە ئەمۆرییەکانم لەپێشیان لەناوبرد، ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو، وەک دار بەڕوو بەهێز بوون. بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە. |
|
| 10 |
|
| من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمۆرییەکاندا بگرن. |
|
| 11 |
|
| «لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو. ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 12 |
|
| «بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو، فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن. |
|
| 13 |
|
| «ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان. |
|
| 14 |
|
| ئەوەی خێرایە هەڵنایەت، بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات. |
|
| 15 |
|
| تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت، ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات. |
|
| 16 |
|
| ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
|
|
|